دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

بەریتانیا ڕێگەی دا ئەمریکا بنکە سەربازییەکانی دژی ئێران بەکاربهێنێت و پنتاگۆنیش هێزی زەمینی دەنێرێت

هەرێم نیوز

حکومەتی بەریتانیا بە فەرمی ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی سوپای ئەمریکا بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەکاربهێنێت. ئەم بڕیارە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) بۆ ڕەوانەکردنی هەزاران هێزی زەمینی بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

کابینەی بەریتانیا لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاری دا مەودای مۆڵەتەکانی بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی بۆ ئەمریکا فراوانتر بکات، بە جۆرێک کە هێرشکردنە سەر ئەو پێگەیانەی ئێران بگرێتەوە کە گەرووی هورمز دەکەنە ئامانج.

 وتەبێژی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە بۆ پشتیوانیکردنی "ئۆپەراسیۆنە بەرگرییەکانی ئەمریکا"یە لە بەرانبەر هەوڵە شەڕەنگێزییەکانی تاران لە ناوچەکەدا.

ئەم بڕیارەی لەندەن دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕەخنەی توندی لە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ گرت و بە "ترسنۆک" وەسفی کردن، بەهۆی ئەوەی پشتگیریی پێویستیان لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران نەکردووە. ترەمپ دوای بڕیارەکەی بەریتانیا وتی، پێویست بوو لەندەن زۆر زووتر ئەم هەنگاوەی بنایە.

هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە، وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ئاستی ئامادەباشی و چالاکییە ئاسمانییەکانی بۆ بەرزترین ئاست لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا زیاد کردووە.

فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری "تایفۆن" و "F-35"ی ئەم وڵاتە گەشتی ئاسمانیی بەردەوام بەسەر ئاسمانی ئوردن، قەتەر، ئیمارات و بەحرەیندا ئەنجام دەدەن، هەروەها ٥٠٠ هێزی زیادەش بۆ پشتیوانی لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ڕەوانەی بنکەکانی بەریتانیا لە قوبرس کراون.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئاگادارەکان بە "سی بی ئێس نیوز"یان ڕاگەیاندووە کە پنتاگۆن سەرقاڵی داڕشتنی پلانی وردە بۆ ئەگەری ناردنی هێزی زەمینی بۆ ناوخۆی ناوچەکە.

 سوپای ئەمریکا تەنانەت تاوتوێی ئەوەی کردووە کە لە ئەگەری دەستگیرکردنی سەرباز و چەکدارەکانی ئێران، بۆ چ شوێنێک بگوازرێنەوە.

 ئاژانسی ڕۆیتەرزیش ئاشکرای کردووە کە ئەمریکا کەشتیی جەنگیی "USS Boxer" و نزیکەی ٢٥٠٠ سەربازی مارینزی بەرەو ناوچەکە بەڕێ کردووە.

دۆناڵد ترەمپ جەختی لەوە کردووەتەوە کە کشانەوە لە شەڕی دژی ئێران لە ئێستادا بژاردەیەکی گونجاو نییە. هەندێک سەرچاوەی سەربازیش ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەرچی هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە، بەڵام ئەگەری هەیە هێزە ئەمریکییەکان بچنە ناو کەناراوەکانی ئێران یان ناوەندی هەناردەکردنی نەوت لە "دوورگەی خارک" بە مەبەستی پەکخستنی توانای سەربازی و ئابووریی ئەو وڵاتە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP