هەرێم نیوز
هاوپەیمانیی پارتە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکی بەپەلەدا سەرکۆنەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی دەکات و داوای سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ پاراستنی کەمپەکانیان دەکات.
ئەمڕۆ هەینی 20ی ئاداری 2026 هاوپەیمانیی پارتە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بانگەوازێکی بەپەلەی ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا و حکومەتی عێراق کرد.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە لە ماوەی بیست و یەک ڕۆژی ڕابردوودا ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیان جار سەروەریی خاکی عێراقی پێشێل کردووە.
پارتە کوردییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئێران بەردەوام بە مووشەک و درۆن هێرش دەکاتە سەر کەمپی پەنابەران و بنکەکانیان لە هەرێمی کوردستان.
هاوپەیمانییەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە حیزبە سیاسییە کوردەکانی ئێران ساڵانێکە تەنیا خەباتی سیاسی دەکەن و هیچ جۆرە هەڕەشەیەکی سەربازییان بۆ سەر ناوچەکە دروست نەکردووە.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەم هێرشانە تەنیا بیانوویەکن بۆ دروستکردنی ترس و تۆقاندن و بەهۆیەوە سەدان کەسی سڤیل و منداڵ ڕووبەڕووی مەترسی و ئاوارەبوون بوونەتەوە.
بۆیە پارتەکانی ڕۆژهەڵات داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا دەکەن فشارەکانیان بۆ سەر تاران زیاتر بکەن بۆ ئەوەی دەستبەجێ ئەو هێرشانە ڕابگرێت.
هەروەها داوایەکی گرنگیان ئاراستەی هاوپەیمانان کردووە بۆ ئەوەی ناوچەکانی نیشتەجێبوونی پەنابەران بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی تەیار بکەن بۆ پاراستنیان لە هێرشە درۆنییەکان.
لەپاڵ ئەوەشدا داوای پێکهێنانی تیمێکی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆیان کردووە بۆ ئەوەی سەردانی ناوچەکە بکەن و قەبارەی زیانەکانی ئەو تاوانانە دەستنیشان بکەن.
سەبارەت بە هەڵوێستی بەغداش پارتە کوردییەکان بە توندی ڕایانگەیاندووە کە حکومەتی عێراق بەرپرسیاری ڕاستەوخۆیە لە پاراستنی ژیانی پەنابەران لەسەر خاکەکەی.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە حکومەتی عێراق کراوە لە بەیاننامە ڕواڵەتییەکان زیاتر هەنگاو بنێت و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەدواداچوون بۆ پێشێلکردنی سەروەرییەکەی بکات لەلایەن ئێرانەوە.