دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

بارزانی هۆشداری لەسەر دۆخی ناوچەکە دەدات

هەرێم نیوز

بارزانی پەیامێکی بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە بڵاوکردەوە و تێیدا داوای یەکڕیزی لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکات
.

ئەمڕۆ هەینی 20ی ئاداری 2026 بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی ئاراستەی خەڵکی کوردستان کرد.

لە سەرەتای پەیامەکەیدا پیرۆزبایی ئەم جەژنەی لە خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە و تەواوی کوردستانیانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات کردووە.

هەروەها پیرۆزبایی لە هەموو ئەو گەلانەی ناوچەکە و جیهان کردووە کە نەورۆز بەشێکە لە فەرهەنگ و مێژووی دێرینیان.

بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە کە نەورۆز بۆ گەلی کوردستان هەمیشە مژدەی دەستپێكێکی نوێ و سەركەوتن بووە بەسەر ستەمکاراندا.

ناوبراو ڕوونی کردووەتەوە کە نەورۆزی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ کۆمەڵێک گۆڕانکاری و گرژیی زۆر لە ناوچەکە و جیهاندا.

هەر بۆیە لەم دۆخە هەستیارەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە زیاتر لە هەر کاتێک لایەنە سیاسییەکان هەماهەنگ و هاوکاری یەکتری بن.

هەروەها داوای لە سەرجەم لایەنەکان کردووە کە پێکەوە پشتیوانی بەرژەوەندی و ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بن.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا هیوای خواستووە کە ئەم جەژنە ببێتە دەستپێكێک بۆ تەبایی و برایەتیی زیاتری نێوان لایەنە سیاسییەکان و خەڵک.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا بارزانی ئومێدی ئەوەی خواستووە کە گەلانی ناوچەکە دوور لە شەڕ و ئاڵۆزی بتوانن لە ئاشتی و ئارامیدا بژین.

دەقی پەیامەکەی بارزانی:

سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی 2726ـی کوردییەوە، داوا لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکات لە سایەی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی ناوچەکەیان گرتووەتەوە یەکڕیز و هەماهەنگ بن، ئەمەش لەپێناو پاراستنی ئارامی و بەرژەوەندییەکانی وڵات. 

دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و، سەری ساڵی 2726ـی كوردی پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو كوردستانیانی خۆشەویستی ناوەوە و دەرەوەی وڵات دەكەم. هەروەها جەژنی نەورۆز لە هەموو ئەو گەلانەی جیهان و ناوچەكە پیرۆز دەكەم كە نەورۆز بەشێكە لە فەرهەنگ و مێژوویان. هیوادارم ساڵێكی پڕ لە خۆشی و بەختەوەری بێت بۆ هەموو لایەك.

نەورۆز بۆ گەلی كوردستان هەمیشە موژدەی دەستپێكێكی نوێ و ئومێدی تازە و سەركەوتن بەسەر ستەمكاران و سەختییەكاندا بووە. ئەمە وەك فەرهەنگێكی دەوڵەمەندی بەردەوامبوون و تێكۆشان بۆ گەیشتن بە ئازادی و ئاشتی لە مێژووی گەلی كوردستاندا ڕەگی قووڵی داكوتاوە.

نەورۆزی ئەمساڵ هاوكاتە لەگەڵ گۆڕانكاری و ئاڵۆزی و گرژیی زۆر لە ناوچەكەمان و جیهان بە گشتی. لەو دۆخە هەستیار و مێژووییەدا، پێویستە زیاتر لە هەر کاتێک لایەنە سیاسیەكان هەماهەنگ و هاوكاری یەكتری بن و پشتیوانی بەرژەوەندی و ئارامی و ئاسایشی وڵاتەكەمان بن.

هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە دەستپێكێك بۆ تەبایی و برایەتیی زیاتری نێوان لایەنە سیاسیەكان و خەڵكی خۆشەویستی كوردستان ئەو نەورۆزە و هەموو جەژنەكان بە شادی و كامەرانی بەڕی بكەن. ئومێدی ئەوە دەخوازم گەلانی ناوچەكە دوور لە شەڕ و گرژی و ئاڵۆزی بتوانن لە ئاشتی و ئارامیدا بژیین.

نەورۆزتان پیرۆز و بمێنن بەخێر وخۆشی

مسعود بارزانی

29ی ڕەشەممەی 2725ی كوردی  
20ی ئاداری 2026



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP