هەرێم نیوز
هادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر، نوێترین ئاماری زیانە گیانییەکانی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی ئاشکرا کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، عامری ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانانەدا زیاتر لە 60 کەس گیانیان لەدەستداوە و 100ی دیکەش بریندار بوون.
عامری لە پەیامەکەیدا بە توندی ئەمریکا و ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار کرد. داواشی لە حکومەت، پەرلەمان و وەزارەتی دەرەوەی عێراق کرد کە بێدەنگ نەبن و ڕێکاری بەپەلە و کردەیی بگرنە بەر بۆ ڕێگریگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە بۆ سەر هێزە چەکدارەکانی عێراق.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە 28ی شوباتەوە و لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئێران و بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیل، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تاران هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان چڕکردووەتەوە و هێزەکانی ئەمریکاش بە توندی وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەنەوە.