هەرێم نیوز
ڕێکخراوی نێردە بۆ دیپلۆماسی و پەیوەندییە گشتییەکان، لە ڕاگەیەنراوێکدا بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە درۆنییە بەردەوامانەی کرد کە دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان. ڕێکخراوەکە هۆشداری دەدات لەوەی کە گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە بەرەو فراوانبوونی جەنگ هەنگاو دەنێن و هەرێمی کوردستان بووەتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان.
نێردە داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق دەکات، وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری، بێتە دەنگ و ڕێگری لە بەزاندنی سنوورەکانی بکات. بە بڕوای ڕێکخراوەکە، پێویستە بەغدا نەهێڵێت چیتر خاکەکەی ببێتە مەیدانی ململانێی وڵاتانی شەڕکەر و سەروەرییەکەی بەو شێوەیە پێشێل بکرێت.
هەروەها داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە کە تەواوی کەناڵە دیپلۆماسییەکان بەکاربهێنێت بۆ پاراستنی ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی بە قوربانیدانی زۆر بەدەست هاتووە. بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، درێژەدان بەم هێرشانە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان و ئاسایشی هەرێمەکە.
لە کۆتاییدا، ڕێکخراوەکە داوای لە سەرجەم ڕێکخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کردووە بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی جددی بنوێنن. ئاماژە بەوەش دراوە کە ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ سەرکەوتنی کار و چالاکییە مرۆیی و دیپلۆماسییەکان لە ناوچەکەدا.