هەرێم نیوز
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا هاووڵاتیانی دڵنیا کردەوە کە ئامادەکاریی تەواو بۆ هەر پێشهاتێکی نەخوازراو کراوە و بڕێکی باشی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە کۆگاکاندا هەیە، بۆیە پێویست بە دڵەڕاوکێ ناکات.
وەزیری تەندروستی داوای لە هاووڵاتیان کرد کە بڕی زیاتر لە پێویستی دەرمان نەکڕن و تەنها پابەند بن بەو بڕەی پزیشک بۆی دیاری کردوون، هاوکات جەختی کردەوە کە نرخەکان گران نەبوون و پێویستە هاووڵاتیان تەنها ئەو نرخە بدەن کە لەسەر ستیکەری حکومی دیاری کراوە و پارەی زیادە بە هیچ لایەنێک نەدەن.
وەزارەتی تەندروستی پلانێکی فریاگوزاری خێرای ئامادە کردووە کە تێیدا ڕەچاوی قەبارەی هەر ڕووداوێک کراوە؛ لەم چوارچێوەیەدا هەوڵەکان بۆ دابینکردنی پێداویستیی زیاتری نەخۆشخانەکان، هۆڵەکانی نەشتەرگەری و چاودێریی چڕ چڕکراونەتەوە و تیمەکانی ئەمبوڵانس و فریاکەوتنی خێرا لە ئامادەباشی تەواودان.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی ڕاسپێردراون بۆ ئێشکگریی بەردەوامی پزیشکان و کارمەندان. هاووڵاتیان دەتوانن لە کاتی پێویستدا پەیوەندی بە ژمارە ١٢٢ بکەن و هەر سەرپێچییەکیش لە ڕێگەی هێڵە گەرمەکان و سندوقی سکاڵاکانەوە ڕابگەیەنن.