هەرێم نیوز
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گشتاندنێکدا داوا دەکات، کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان خۆیان بە دووربگرن لە بڵاوکردنەوەی هەر بابەتێک، کە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان بێت.
بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە، ئەمڕۆ دووشەممە گشتاندنێکی بە ژمارە 235 ئاراستەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کرد.
لە گشتاندنەکەدا هاتووە: "ئاگاداری گشت میدیا بینراو، بیستراو، پۆرتاڵ و ڕایەڵە ئەلیکترۆنییەکان دەکەینەوە، کە خۆیان بە دوور بگرن لە بڵاوکردنەوەی هەر بابەتێک کە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان و درووستکردنی ترس و گومان بێت لەسەر سەقامگیری هەرێمەکەمان، داواکارین کە دووربن لە بڵاوکردنەوەی هەر بابەت و ڕاپۆرتێک و وێنە و ڤیدیۆیەکی ساختە و بێ بنەما کە هۆکار بێت لە درووستکردنی ترس و تۆقاندن و دڵەڕاوکێ لە نێوان هاووڵاتیاندا".
هەروەها هاتووە: "لە کاتی گواستنەوە و ڕووماڵی ڕووداوەکان زانیارییەک نەگوازنەوە، کە نەیارانی هەرێمی کوردستان سوودی لێ ببینن و پابەندی ئەو ئیتیک و ڕێکارانە بن، کە بۆ پەیامنێرانی جەنگ و ڕووداوەکان دەرکراوە".