دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی پێشمەرگە دەنگۆی هێرشکردنە سەر حەشدی شەعبی رەتدەکاتەوە

هەرێم نیوز

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن هێزی پێشمەرگە بۆردوومانی حەشدی شەعبی کردبێت دوورە لە راستییەوە.

وەزارەتەکە دەڵێت، کەناڵی (یەکى عێراقی - قناة الأولى العراقية) هەواڵێکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ئاماژە بەوە دەدات کە گوایە هێزەکانی پێشمەرگە بارەگای لیوای (٥٠)ی حەشدی شەعبییان لە پارێزگای نەینەوا بۆردومان کردووە.

دەشڵێت ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، وێڕای ڕەتکردنەوەی تەواوی ئەم هەواڵە، ڕایدەگەیەنین کە سەرلەبەری هەواڵەکە دوورە لە ڕاستییەوە. هێزەکانی پێشمەرگە لەم بارودۆخەدا هاوشان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی تری عێراق، ئەرکی پاراستنی ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەن و بە هیچ شێوەیەک بەشداریی هیچ ئۆپەراسیۆنێکی لەو جۆرەیان نەکردووە.

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت سکاڵا لەسەر کەناڵی (یەکى عێراقی) تۆمار بکات، لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، کە هەوڵی نانەوەی فیتنە و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەدات لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP