هەرێم نیوز
کامەران عوسمان، ئەندامی رێکخراوی "سی پی تی"ی ئەمریکی رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران لە رێگەی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژەوە چوار کەمپ و بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج.
بەپێی زانیارییەکان، لە زڕگوێزەڵە موشەکێک و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ بەر بارەگاکانی کۆمەڵە کەوتوون، کە بەهۆیەوە کەسێک بریندار بووە.
لە کۆیە (کەمپی زەوییە سپی) فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە ئاراستەی بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کرابوو، پێش پێکانی ئامانجەکەی خراوەتە خوارەوە.
لە پردێ (بارەگای پاک) ژمارەیەک موشەک کە ئاراستەی پارتی ئازادی کوردستان کرابوون، لە ئاسمانەوە تێکشکێنراون.
لە سورداش (کەمپی نێودەوڵەتی): فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ کە ئاراستەی بارەگاکانی کۆمەڵە کرابوو، بەر لەوەی بگاتە ئامانج خراوەتە خوارەوە.