هەرێم نیوز
چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران کرد و داوای وەستاندنی دەستبەجێی کردەوە سەربازییەکانی کرد.
ئەمڕۆ شەممە 28ی شوباتی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕاگەیەندراوێکدا نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بە هێرشە سەربازییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەوان بەتوندی هەر دەستدرێژییەکی سەربازی و پێشێلکردنێکی سەروەریی وڵاتان و یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕەت دەکەنەوە.
چوارچێوەی هەماهەنگی دووپاتی دەکاتەوە کە بەکارهێنانی لۆژیکی هێز، بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت جێگرەوەی یاسای نێودەوڵەتی و وتووێژی سیاسی بێت.
هۆشداریشیان داوە کە شەڕەکان سەلماندوویانە دەرئەنجامەکانیان تەنیا وێرانکاری و ناسەقامگیریی ئەمنی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی لێ دەکەوێتەوە.
لە بەشێکی گرنگی پەیامەکەدا، بەتوندی بەکارهێنانی ئاسمان و خاکی عێراقیان بۆ هەر جۆرە هێرش و پێشێلکارییەک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ ڕەت کردووەتەوە.
ئاماژەیان بەوەش کردووە کە بەردەوامبوونی ئەم کردەوە سەربازییانە، تەنیا بازنەی ململانێکان فراوانتر دەکات و مەترسیی گەورە بۆ گەلانی ناوچەکە دروست دەکات.
لە کۆتاییشدا داوایان لە وڵاتانی ناوچەکە کردووە بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن و دەستبەجێ بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان بۆ چارەسەری کێشەکان.