هەرێم نیوز
عەرەبستانی سعوودیە پلانێکی کورتخایەنی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت ئامادە کردووە بۆ کاتی ئەگەری هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی شوباتی 2026، ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرای کرد کە ڕیاز ئامادەکاری دەکات بۆ قەرەبووکردنەوەی هەر کورتهێنانێکی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، پێدەچێت گرووپی ئۆپێک پڵەس، کە ڕووسیاش لەخۆ دەگرێت، تاوتوێی زیادکردنی 137 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بۆ مانگی نیسان بکات.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران نرخی نەوتیان بەرز کردووەتەوە و خواستی جیهانیش بۆ وەرزی هاوین ڕووی لە زیادبوونە.
بڕیارە ڕۆژی یەکی ئادار، هەشت وڵاتی ئەندامی ئۆپێک پڵەس، لە نێویاندا سعوودیە، ڕووسیا، ئیمارات و عێراق کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام بدەن.
دەستپێکردنەوەی زیادکردنی بەرهەمهێنان دوای سێ مانگ وەستان، دەرفەت دەداتە سعوودیە و وڵاتانی دیکە پشکی زیاتر لە بازاڕی نەوتدا بەدەست بهێنن.