هەرێم نیوز
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا لە عێراق پەیامێکی توند و هۆشداری ئاڕاستەی بەرپرسانی عێراق دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ساڵی 2026 ساڵی کۆتاییهێنان دەبێت بە میلیشیا و گەندەڵی و دزی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی 1ی 2026، مارک ساڤایا، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا لە عێراق پەیامێکی پیرۆزبایی و هۆشداریی ئاڕاستەی گەلی عێراق و لایەنەکان کرد و جەختی لەسەر قۆناغێکی نوێی سەقامگیری کردەوە.
لە پەیامەکەدا لیستێکی وردی ئەو گرفتانە خراوەتە ڕوو کە بڕیارە لە ساڵی 2026دا کۆتاییان پێ بهێنرێت، کە دیارترینیان بریتین لە "کۆتاییهێنان بە ناسەقامگیری، چەکی بێ مۆڵەت، میلیشیاکان و دەستوەردانی دەرەکی."
هەروەها نێردەکەی ئەمەریکا ئاماژەی بە بنبڕکردنی گەندەڵی، تاڵانکردنی سامانی وڵات، سپیکردنەوەی پارە و گرێبەستە وەهمییەکان کردووە، لەگەڵ بەڵێنی چارەسەرکردنی بێکاری و هەژاری.
ساڤایا پەیامەکەی بە دەستەواژەی "ئێمە ئێستا دەست پێ دەکەین" کۆتایی پێ هێناوە و دووپاتی کردووەتەوە کە "بەڵێن بێت عێراقێکی جیاواز هەبێت" و ئاڵای عێراق بە بەرزی دەمێنێتەوە.