دواین هەواڵ

کلتور‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

عەشق و مردن لە جەنگەکاندا سەختترن... ڕۆمانی (مردن کارێکی سەختە) وەک نموونە..!

هێمن مەحموود

وتەیەکی ناودار هەیە لەبیرم نییە هی کێیە دەڵێت (لە کاتی ئاشتیدا کوڕەکان باوکەکانیان دەنێژن، بەڵام لە کاتی جەنگدا باوکەکان کوڕەکانیان دەنێژن). لێرە، لە چیرۆکی بولبول و عەبدوللەتیفدا تا ڕادەیەک دۆخەکە جیاوازترە، سەرەڕای ناشتنی بەردەوامی تەرمی کوڕەکان لەلایەن باوکیانەوە لە شەڕی ناوخۆی سووریادا، کەچی بولبول دەبێت وەسیەتەکەی عەبدوللەتیفی باوکی جێبەجێبکات و تەرمەکەی بە دووری سەدان کیلۆمەتر بگەڕێنێتەوە بۆ گوندەکەی خۆیان با بەناو جەنگ و بازگە و بۆمبباران و کوشت و کوشتاری لایەنە بە شەڕ هاتووەکانیشدا بێت، با گرتن و لێدان و سەرنگومکردن و بەرتیل پێدان و لەناوبردنیشی تێبکەوێت، با چەندین شەو و چەندین ڕۆژیشی پێبچێت، گرنگ ئەوەیە بولبول و خوشک و براکەی تەرمەکەی باوکیان لە باشوورە و بگەیەننە ئەوپەڕی باکووری ڕۆژئاوای سووریا. (مردن کارێکی سەختە) ڕۆمانێکی دژە جەنگە، ڕۆمانێکە لە جۆری ڕۆمانی (بەرەی ڕۆژئاوا ئارامە)ی ماریا ڕیمارکی ئەڵمانی، ڕۆمانێکە مێژوویەکی ناشیرینی وڵاتێکی جوانی وەک سووریامان بۆ دەخاتە ڕوو کە ڕژێمێکی سەرکوتکەر و چەکدارە شۆڕشگێڕەکان هەریەکەیان لە لایەکەوە ژیانی ئەو خەڵکەیان کردووەتە دۆزەخ.

کە ئەم ڕۆمانە دەخوێنیتەوە دیوی ناوەوەی سووریا لە کاتی بەڕێوەچوونی شەڕی ناوخۆیدا دەبینی، ئەو دیوەی کە وا دەکات ناشتنی تەرمێک لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە چی بارگرانی و قورسییەک دەخاتە سەر شانی کەسوکارەکەی و ڕووبەڕووی چەندین مەترسی و گرفت و کێشەیان دەکاتەوە کە هەر ئەمەشە وا دەکات هەروەکچۆن لە کاتی جەنگدا ژیانکردن کارێکی قورس بێت، ئاوەهاش مەرگ و مردن لە کاتی جەنگدا کارێکی سەختتربێت.

جەنگ بە مانا قێزەونە، ئەوانەی جەنگیان دیوە و ئەوانەی قوربانی جەنگەکان و ئەوانەشی نەوەی ناو جەنگەکان و لەناو دیمەنەکانی شەڕ و کوشتاردا ژیانیانکردووە و گەورەبوون لە قێزەونی جەنگ تێدەگەن. ئاوارەیی و دەربەدەریی، کوشتنی بە کۆمەڵ و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان، گوللەبارانکردن و سووکایەتیکردن بە لاشەی قوربانیان لە دیمەنە بەردەوامەکانی جەنگن. بێ یاسایی و فەوزا و بەرەڵایی، بوونی چەک لەدەستی هەموو کەس، نەبوونی دادگا و دەوڵەمەندبوونی میرەکانی جەنگ تابلۆی هەمیشەیی جەنگن. لە ڕۆمانی (مردن کارێکی سەختە)ی خالید خەلیفەشدا تەواوی دیمەنەکانی جەنگ ئامادەیی هەیە، چیرۆکەکە بە جۆرێکە هیچ بستێکی خاکی سووریا نییە بەو دیمەنانەدا تێنەپەڕیبێت، لە باشووری سووریاوە بۆ باکووری سووریا بۆنی مەرگ و بۆنی تەرم و بۆنی باروتی گوللە تۆپەکان دێت، بۆنی بازگەی نایاسایی و سووکایەتی بە مرۆڤ دێت، بۆنی قێزەونی دەسەڵات و میرەکانی جەنگ و گرووپەکان دێت.

لەم ڕۆمانەدا نووسەر پێمان دەڵێت شاردنەوەی لاشەیەک لە جەنگدا چی کارێکی سەخت دەبێت ئەگەر بێت و بە گوێی بکرێت و ئارەزووی شوێنی ناشتنەکەی بۆ بەدی بهێنێت. بە دوو جۆر مامەڵە لەگەڵ چەمکی جەستەیەکی مردوو کراوە. لە لایەک کوڕەکان ڕێزی لاشەکەی باوکیان دەگرن و وەسێتەکەی بەجێدەهێنن، لە لایەکی دیکەشەوە بوونی لاشەیەک مایەی عەزاب و ئێش و ئازارە و مایەی بەختێکی خراپە بۆ خاوەنەکەی چونکە هەمووان دەیانەوێت نەجاتیان بێت لێی. جەنگ کارێک دەکات تەنانەت لە یەکێک لە بازگەکانی ڕژێمدا ناهێڵن لاشەیەکی مردووش تێپەڕێت و بە تۆمەتی هەبوونی فەرمانی دەستگیرکردن لاشەکە دەستبەسەردەکەن و بە مردوویش لێ ناگەڕێن. هاوتەریبی جەنگ و زەمەنی جەنگ هێڵێکی خۆشەویستیش لەناو ڕۆمانەکەدا هەیە کە هاوشانی دیمەنە قێزەونەکانی جەنگ درێژ دەبێتەوە، خۆشەویستێکی ناکام و ناسک، خۆشەویستییەکی ئەفلاتوونی کە عاشقەکە بە خەیاڵ لەگەڵ مەعشووقەکەیدا ژیان دەکەن. (وردە وردە گوڵەکان سیس دەبوون و یەک لە دوای یەک زەرد دەبوون و دەمردن، بەڵام بولبول هێشتا بۆنی ئەو گوڵانەی دەکرد کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەمیا هەڵی پاچیبوون و خەریکیان بووبوو...لا 90) چیرۆکی عەشقی بولبول و لەمیا، چیرۆکی عەشقی عەبدوللەتیف و نڤین، وەک ئەوەی چیرۆکی عەشقی باوک لە کوڕیشدا دووبارە ببێتەوە.

عەشق لەم ڕۆمانەدا هێڵێکی هەرچەندە کاڵ و لاوازیشە، هەرچەندە نووزەیەکی کورتخایەنیشە، هەرچەندە ڕووداوێکی لاوەکیشە، بەڵام هێشتا دڕەندەیی جەنگ و هاوار و ناڵەی قوربانیانی جەنگ و دەنگی تاساوی مردووان نەیتوانیوە لەناوی ببات، وەک ئەوەی گێڕەرەوە پێمان بڵێت دەنگی فیشەک و گوللەتۆپەکانتان، سەدای بەرزی بۆمبهاوێژ و دروشمە ئاگرینەکانی سەرکردەکانتان هێشتا ناتوانێت هەزاران چیرۆکی وەک عەشقی بولبول و لەمیا، لەتیف و نڤین، دەیان و دەیانی دیکە کپ بکاتەوە. مردن هەمیشە وەک چەمک، وەک ڕووداو، وەک مانا سەختە، لەحزەیەکە هۆکاری ڕوودانی تەفسیر ناکرێت، دڵتەزێن و ئازار بەخشە، بە مانای وشە سەختە، بەڵام لەم ڕۆمانەدا سەختترە، نەک هەر بەتەنیا بۆ مردووەکە، بەڵکوو بۆ کەسانی چواردەوریش.

ئەوەی لەم ڕۆمانەدا نامرێت خۆشەویستی و هیوایە، هیوا بە کۆتاییهاتنی جەنگەکان و ئازادی و ڕزگاری، هیوا بە گەڕانەوە بۆ شار و گوندە کۆنەکان، ماڵ و خانووە کۆنەکان، بۆ گەڕەک و کۆڵانی ئازیزان، کە دواجار پێشبینییەکەی نووسەر بەدیهات و جەنگی ئەو وڵاتە دوای 8 ساڵ لە نووسینی ڕۆمانەکە کۆتایهات. (بە شێوەیەک بیری دەکردەوە کە هیچ کەسێک لەم شارۆچکەیەدا نامێنێت، بەڵام ڕۆژێک دێت کە هەمووان دەگەڕێنەوە بۆ ئەم شوێن و جێگەیە و پێویستە بزانن خۆشەویست و ئازیزانیان لە کوێ نێژراون...لا 120). لەکۆتایدا دەستخۆشی زۆر بۆ هاوڕێی ئازیز (کارزان عەلی) و دەزگای نووسیار بۆ هەڵبژاردنی ئەم ڕۆمانە کە خوێنەری کوردی هاوشانی خوێنەرانی وڵاتانی دیکە توانییان ئەم ڕۆمانە بخوێننەوە. بە هیوای کاری جوانتر.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP