هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەی هاوبەش لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست لە کۆشکی سپی، ڕایگەیاند کە قازاخستان بە فەرمی پەیوەندی بە پەیمانی ئیبراهیمەوە کردووە.
قازاخستان یەکەمین وڵاتە کە لە خولی دووەمی سەرۆکایەتی ترەمپدا پەیوەندی بەم پەیمانەوە دەکات، کە بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ ئیسرائیل داڕێژراوە.
زۆربەی شارەزایان پێیان وایە کە ئەم هەنگاوەی قازاخستان، سەرەڕای ئەوەی کە لە ساڵی 1992ەوە پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، هەنگاوێکی هێمایی گەورەیە بۆ زیندووکردنەوەی پڕۆژەی پەیمانی ئیبراهیم، بەتایبەتی دوای شەڕی غەززە.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشیالدا نووسیویەتی:"ئەمڕۆ، وڵاتانی زیاتر لە ڕیزدان بۆ ئەوەی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە ڕێگەی پەیمانی ئیبراهیمەوە لە باوەش بگرن. وڵاتانی زۆر هەوڵ دەدەن پەیوەندی بە یانەی هێزەوە بکەن."
پەیمانی ئیبراهیمی کۆمەڵێک ڕێککەوتننامەی دیپلۆماسییە (لە 2020ەوە دەستیپێکرد) بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە نێوان ئیسرائیل و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی و موسڵمان (وەک ئیمارات، بەحرەین، سودان و مەغریب). ناوی پەیمانەکە لە پێغەمبەر ئیبراهیمەوە وەرگیراوە وەک هێمایەکی هاوبەشی ئایینی.