دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆبوونەوەی بارزانی لە دهۆک: ڕێزگرتن لە شەهیدان و ئاگادارکردنەوە لە پیلانەکان

هەرێم نیوز

ڕۆژی پێنجشەممە 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، بارزانی لە دهۆک لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە دایکان و خانەوادەی شەهیدان، پێشمەرگە و ئافرەتە تێکۆشەرەکانی پارێزگاکە کۆبووەوە.

 بارزانی ڕایگەیاند: "جگە لە خودا ئێمە بۆ کەس خۆناچەمێنین، تەنیا بۆ دایكی شەهیدان و خانەوادەی شەهیدان دە جار خۆمان دەچەمێنین".

هەروەها باسی لە ڕۆڵی کاریگەری ئافرەتان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد کرد و جەختی لەوە کردەوە کە خەبات و قوربانیدانی گەلی کورد و ئازایەتیی ئافرەتانی کورد ئەمانەتێکی گەورەیە.

 ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە ئافرەتان بەردەوام خەبات بکەن بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان و ئەو بە تەواوی پشتیوانییان دەکات.

بارزانی هۆشداریدا کە پیلان و دوژمنایەتیی ئێستا زۆر مەترسیدارتر و گەورەترە لە ڕابردوو، بە تایبەت هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان و بێئومێدکردنی گەنجان.

 وتی: ئەرکی گەورە لەسەر شانی ئافرەتانە کە منداڵەکانیان لەم پیلانە مەترسیدارە تێبگەیەنن، چونکە "ئەگەر گەنجی ئێمە باوەڕی بە خۆی نەما، ئێمە هیچ دۆزێكمان نامێنێت".

 سەبارەت بە مووچە، ڕایگەیاند کە بڕینی مووچەی خەڵکی کوردستان قەزیەیەکی سیاسییە و وەک کارتێک بەکاریان هێناوە بۆ لەناوبردنی هەرێمی کوردستان، کە بە هاوکاریی کەسانێکی ناوخۆیی بووە و "لە ئەنفال و کیمیاباران کەمتر نییە".

هەروەها داوای کرد نەوەی ئێستا و داهاتوو بە شێوەیەک پەروەردە بکرێن کە خۆیان بە کەم نەزانن و لە ئاستێکی بەرزی وریاییدا بن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP