هەرێم نیوز
سەرۆک وەزیرانی قەتەر، محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، ڕایگەیاندووە کە حەماس ئاماژەی ڕوونی پێشان داوە بۆ وازهێنان لە حوکمڕانی غەززە، لە کاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ جێگیرکردنی ئاگربەستیش بەردەوامە.
لە لێدوانێکدا لە نیویۆرک لە ڕۆژی سێشەممە، شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی ئاشکرای کرد، کە قەتەر وەک وڵاتێکی نێوەندگیر، کار لەسەر ئەوە دەکات کە حەماس ناچار بکات پابەندی دەستبەرداربوون لە چەک بێت.
سەرۆک وەزیرانی قەتەر بە توندی نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو ڕووداوانەی ڕۆژی پێشوو لە غەززە ڕوویاندا، بە تایبەتی هێرشکردنە سەر سەربازانی ئیسرائیل. ئەو ئەم کارەی بە "پێشێلکارییەکی گەورە"ی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە قەڵەم دا.
دەشڵێت سەرەڕای پێشێلکارییەکان پێشبینی ئەوەی کردووە کە ئاگربەستەکە بەردەوام دەبێت، چونکە بە وتەی ئەو، "هەردوو لایەنی سەرەکی پێویستیی مانەوەی ئاگربەست و پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکە دەزانن."
ئەم لێدوانانەی سەرۆک وەزیرانی قەتەر لە کاتێکدان کە هەوڵەکان بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکان و زیندانیانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بە چاودێری قەتەر و وڵاتانی دیکە بەردەوامە.
لە لایەکی ترەوە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە سەرەڕای پێکدادانە سنووردارەکانی ڕۆژی ڕابردوو و بۆردوومانکردنی چەند ناوچەیەک، ئاگربەستەکە دەستی پێکردووەتەوە.
لە بەیاننامەیەکی سوپای ئیسرائیلدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە: هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی غەززە. بەڵام هەر جۆرە پێشێلکارییەک بۆ سەر ئاگربەستەکە "بە هێزەوە وەڵام دەدرێتەوە."
ئیسرائیل و حەماس یەکتریان بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کردووە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، فەرمانی بە سوپا کردبوو کە هێرشێکی فراوان بۆ سەر غەززە دەست پێبکات، دوای ئەوەی حەماسی بە هێرشکردنە سەر سەربازانی ئیسرائیل و دواخستنی ڕادەستکردنەوەی تەرمی بارمتەکان تۆمەتبار کرد.
لە بەرامبەردا، باڵی سەربازیی حەماس (کەتیبەکانی عیزەددین قەسام) ڕایگەیاندووە کە بەهۆی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیلەوە ڕادەستکردنی تەرمی بارمتەکانی دواخستووە.
دوای فەرمانەکەی ناتانیاهۆ، فڕۆکەکانی ئیسرائیل چەندین هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر ناوچە جۆراوجۆرەکانی غەزە، لەوانە ناوچەی نزیک لە نەخۆشخانەی شەفا.
بەگوێرەی سەرچاوە فەلەستینییەکان، کۆی ژمارەی قوربانیانی جەنگەکە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بۆ زیاتر لە ٦٨ هەزار کوژراو و ١٧٠ هەزار بریندار بەرزبووەتەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی فەلەستین لە غەززە ڕایگەیاندووە، لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە (لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥) بەهۆی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیلەوە، نزیکەی ٩٧ فەلەستینی کوژراون و ٢٣٠ کەسی دیکە بریندار بوونە.