دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

بەرپرسێکی ئێرانی: پێشتر ترەمپ نامەی بۆ خامنەیی ناردبوو یان دانوستان بکەن یان جەنگ ڕوودەدات

هەرێم نیوز

تەخت ڕەوانچی، جێگری سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، پێشتر ترەمپ لە نامەکەیدا پێشنیاری کردبوو کە دانوستان دەست پێ بکەین، بەڵام ئەگەر نەگەیشتینە ئەنجام، جەنگ ڕوودەدات.

 تەخت ڕەوانچی لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئاژانسی ئیرنای ئێرانی وتی: سەبارەت بە هۆکاری دەستپێکردنی جەنگ، دەبێت بوترێت، یەکەم: ناتوانرێت بە شێوەیەکی ورد بوترێت بۆچی جەنگ ڕوویدا و ئەوەی کە بە دڵنیاییەوە تەنها یەک سیناریۆ پەسەند بکەین، نە لە ڕووی زانستی و نە لە ڕووی مێژووییەوە دروست نییە.

ئاشکراشی کرد: کاتێک حکومەتەکەی ترەمپ هاتە سەر کار، لە نامەیەکدا بۆ ڕێبەری باڵا (عەلی خامنەیی) چەند پێشنیارێکی خستەڕوو، پێشنیاری کردبوو دانوستان بکەین، ئەگەریش نەگەیشتینە ئەنجام، جەنگ ڕوودەدات.

 دەشڵێت: ئێمە لە وەڵامەکەماندا دانوستانی ناڕاستەوخۆمان پەسەند کرد، لە کاتێکدا ئەوان داوای دانوستانی ڕاستەوخۆیان دەکرد. ئەوەی بۆچی ئێمە دانوستانی ڕاستەوخۆمان پەسەند نەکرد، هۆکارەکانی خۆی هەیە.

ئاماژە بەوەش دەکات: ئەگەر هەردوو لایەن لە پێگەیەکی یەکساندا بن و بگەنە ئەو ئەنجامەی کە لە کەشێکی ئارامدا بابەتەکە بەرەوپێش ببەن، ئەوا گفتوگۆی ڕاستەوخۆ باشتر و خێراترە، بەڵام سەبارەت بە ئەمریکا، شتەکە بەو شێوەیە نەبوو و نییە. هەم لە دەقی نامەکە و هەم لە ڕوانگەی بەرپرسانی جیاوازی ئەمریکاوە دیار بوو کە هەستیان دەکرد بە هاتنی ترەمپ، هەموو جیهان پێویستی بەو هەیە و ئەو دەبێت هەلومەرجی هەموو جیهان دیاری بکات. لە دۆخێکی وەهادا بڕیار درا کە وەڵام بدرێتەوە، بەڵام دانوستانەکان ناڕاستەوخۆ بن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP