هەرێم نیوز
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم، بۆ چارەسهرکردنی قەیرانی ئاو و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی وشکەساڵی، دەستی بە جێبەجێکردنی ژمارەیەک پرۆژەی ستراتیژی و گرنگ کردووە کە ئاسایشی ئاو بۆ داهاتوو مسۆگەر دەکەن.
ئەمڕۆ شەممە 18ـی 10ی 2025، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پلانی حکوومەت ئەوەیە پشتبەستن بە ئاوی ژێرزەوی کەم بکاتەوە و لە بری ئەوە، سوود لە ئاوی سەرزەوی وەربگرێت. گوتیشی: ئامانج ئەوەیە 70% بۆ 75%ـی ئاوی دابینکراو لە سەرچاوەی سەرزەوی بێت و نزیکەی 1800 بیری ئاو لە سەرانسەری کوردستان بخرێنە دۆخی یەدەگەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک پرۆژە کە کارکردن تێیاندا ڕاگیرابوون ئێستا دەستی پێکردووەتەوە، هەروەها پرۆژەی نوێش خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەوانە:
لە هەولێر: پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، لە ڕێگەی ئەو پرۆژەیەوە توانراوە 65%ـی کێشەی ئاوی شارەکە چارەسهر بکرێت، لە ماوەکی نزیکدا کاتێک پرۆژەکە تەواو دهبێت، ڕێژەکە بەرز دەبێتەوە بۆ 100%.
لە ئاکرێ: پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ لە ساڵی داهاتوودا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە بارزان: کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی 51 گوندی ناوچەکە دەستی پێکردووەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای ساڵی 2026 تەواو ببێت.
لە سلێمانی: پڕۆژەیەکی گەورەی ئاوەڕۆ بە گوژمەی 423 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت، کە گرێبەستەکەی واژۆ کراوە و لە ماوەی مانگێکدا کارکردن تێیدا دەست پێدەکات.
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پاکیی ئاوی خواردنەوەی ماڵان، ئاری ئەحمەد دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و وتی: "ئاوی بەلوعەی ماڵان، 100% بۆ خواردنەوە شیاوە و لە ڕووی تەندروستییەوە زۆر باشە."
ڕوونیکردەوە، ساڵانە زیاتر لە 140 هەزار پشکنینی بایۆلۆجی، کیمیایی و فیزیایی بۆ ئاوەکە دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە کوالێتییەکەی، کە لەگەڵ ستانداردەکانی عێراق و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) بگونجێت.