دواین هەواڵ

کوردستان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

بارزانی: ئومێدەوارین حکومەتی هەرێم پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێکبێت، کاری جیدیش بۆ ئەوەیە

هەرێم نیوز 

بارزانی، ئومێدەوارە کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێکبێت. لە بارەی هەڵبژاردنەوە جەختی لەوە کردەوە، ھەموو کەسێک ئازادە لە دەنگدان، بەڵام گرنگە ڕەچاوی ئەو خزمەتە بکرێ کە پێشکەشی شارەکانی کوردستان کراوە. 

ئەمڕۆ شەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی بارزانی و بە بەشداریی مامۆستایان و زانایانی ئایینی ئیسلام و پێکھاتە ئاینەکانی دیكه‌ی ھەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر بەڕێوە چوو.

بارزانی لە میانی وتارەکەیدا وێڕای بەخێرهاتنی میوانەکان، ئاماژەی بەوە کرد، فەرھەنگی پێکەوەژیانمان لە باب و باپیرانمانەوە بۆ ماوەتەوە، ئێمە ھەموومان مرۆڤین و بەندەی خواین، بینینی ئێوە بە یەکەوە جوانترین نموونەی ڕەنگینی نیشانی جیھان داوە.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، ئەم فەرھەنگی پێکەوەژیانە زۆر خزمەتی کوردستان و مێژووەکەشی کردووە، تیرۆر کە ھات جیاوازیی نێوان ئایینەکانی نەکرد، بۆیە نابێ جیاوازی لە نێوان خۆماندا بکەین. 

سەرۆک بارزانی، ئومێدەوارە ئەم فەرھەنگی پێکەوەژیانە بەردەوام بێت و پتر بچەسپێت. گوتیشی: پلانی زۆر دژی ئەم ھەرێمە دروست دەکرێت، بە درێژایی مێژوو ئەمە سیاسەتی دەسەڵاتەکانی عێراق بووە، بۆیە تەنیا بە یەکبوون و پێکەوەییمان بەرانبەر ھەموو ئاڵگنارییەک دەوەستینەوە، ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندی و داھاتووی خەڵکی کوردستان.

لە درێژەی قسەکانیدا بارزانی باسی لەوە کرد، دووژمنان بە ھەموو ڕێگەیەک دەیانەوێت کولتووری ڕەسەنی کوردەواری تێک بدەن و بە زۆر ڕێگەی جیاواز دێنە نێو ئاداب و کولتووری ڕەسەنی کوردەوارییەوە، بەڵام پشت بە خوا و یەکبوونی ئێوە، ئەم ھەنگاوە نامۆیانە لەنێو دەبرێن.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە، بارزانی وتی: ئومێدەوارین حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە پێکبێت، کاری جیدیش بۆ ئەوەیە.

لە بارەی وتاری میانڕەوییەوە، بارزانی ڕایگەیاند: "گرنگە زانایانی بەڕێز پتر ڕۆڵی خۆیان ببینن، بۆ ئینتیمای خاک و خۆشەویستی بۆ نیشتمان، ھەروەھا بەرەنگاریی ماددەی ھۆشبەر کە ئافاتی سەردەمە و کار لەسەر تێکدانی شیرازەی گەنجەکانمان دەکرێت، ھەموو ھەنگاوێک بۆ ئەم مەبەستە، بنەما و بڕوا و کاری ھەموو ئایینەکانە."

 بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی باسی لە هەڵبژاردن کرد و ئاماژەی بەوە دا، ھەموو کەسێک ئازادە لە دەنگدان، بەڵام گرنگە ڕەچاوی ئەو خزمەتە بکرێت کە پێشکەشی شارەکانی کوردستان کراوە، وێڕای ئارامی تەناھی بەبێ جیاوازی، کوردستان ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی لە داھاتوو لەگەڵ ئەوانە بێت کە ئاشنان بە مافەکانی خەڵکی کوردستان و جێبەجێشی دەکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP