دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆمسیۆن میکانیزمێکی نوێ بۆ ئەو ئەکەسانەی پەنجەمۆریان ناخوێنێتەوە پەیڕەو دەکات

هەرێم نیوز 

بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی عێراق، کۆمیسیۆن بژاردەیەکی دیکە بۆ ئەو کەسانە لە دەنگدان بەکاردێنیت، ئەویش لەرێگەی رووخسارەوە (Face ID) دەتوانن دەنگ بدەن. دەشڵێت، بۆ دڵنیایی لە سیستمەکە لە تاقیکردنەوەیەکدا بۆ ئەو کەسانەش کە جوانکاریی چەناگە، بۆتۆکس، فیلەر و چاویان دانابوو، توانیان دەنگ بدەن، مەگەر کەسێک 90% بۆ 100%ی رووخساری گۆڕیبێت".

خالید عەباس، بەرپرسی نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی 16-10-2025 لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بەپێی یاسای ژمارە 4ی هەموارکراوی ساڵی 2023ی یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە هەر وێستگەیەک تەنیا 5%ی دەنگدەران رێگەیان پێدەدرێت بەبێ خوێندنەوەی پەنجەمۆر دەنگ بدەن".
 
خالید عەباس لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان وتی، "ئەوکات 400 هەزار دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان پەنجەمۆریان نەخوێندرایەوە، ئەوان بەپێی یاسای ژمارە 4ی هەموارکراوی ساڵی 2023، دەنگیان دا کە 5% بوو لە هەر وێستگەیەک، بەڵام بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق لە رێگەی زیادکردنی کامێرایەک بۆ ئامێری بەراوردکاری، گرفتی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر چارەسەر کراوە."
 
بەوتەی بەرپرسی نووسینگەی دهۆک، " بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە رێگەی کامێرای ئامێری بەراوردکارییەوە  ئەوکەسانەی کێشەی پەنجەمۆریان هەیە دەنگ دەدەن، ئەو دەنگدانەی لەڕێگەی رووخسارەوە دەبێت، لە پێنج خاڵەوە رووخساری دەنگدەر وەردەگیرێت، چەناگە، چاوەکانی، لەبەرامبەر و لەسەر هەردوولا، دواتر ئەو وێنەیە لەگەڵ وێنە بایۆمەترییەکەی بەراورد دەکرێت، ئەگەر وەکو یەک بوو دەتوانێ دەنگ بدات".
 
لەبارەی ئەو کەسانەی جوانکارییان کردووە،  خالید عەباس دەڵێ: "لە ماوەی رابردوودا تاقیکردنەوەی هەڵبژاردنمان کرد بۆئەوەی بزانین ئامێرەکانی دەنگدان کێشەیان هەیە یان نا، ئەوکات تاقیکردنەوەکانمان لەسەر ئەو کەسانەش کرد جوانکاریی چەناگە، بۆتۆکس، فیلەر و چاویان دانابوو، توانیان دەنگ بدەن، مەگەر کەسێک 90% بۆ 100%ی رووخساری گۆڕیبێت".
 
ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی 20ی تەممووزی 2025، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری داوە بەکارهێنانی مەرەکەب لە رۆژی دەنگدان هەڵبوەشێنێتەوە".
 
ئەوە لەکاتێکدایە، لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا پێویست بوو دەنگدەر دوای دەنگدان پەنجەی بخاتە نێو مەرەکەبەوە.
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بکرێت. لە عێراق نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە؛ زیاتر لە 21 ملیۆن کەسیش کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان وەرگرتووە و دەتوانن دەنگ بدەن.
 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP