هەرێم نیوز
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی گرنگی ئەنجامدا و تێیدا بەوردی بارودۆخی دارایی و پرسی مووچەی تاوتوێ کرد. لە ئەنجامدا، بە فەرمی داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات، بە لەبەرچاوگرتنی پابەندبوونی تەواوی هەرێم بە رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی ئۆكتۆبەری 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆك وەزیران قوباد تاڵەبانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا و بە بۆنەی دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، سەرۆك وەزیران داوای كرد هەڵمەتێكی شارستانی و لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە یاسا و ڕێنماییەكان بەڕێوە بچێت. سەرۆك وەزیران هیوای سەركەوتنیشی بۆ هەموو ئەو كەس و لایەنانە خواست كە دەبنە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان و داكۆكی لە مافە دەستووریی و قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكەن.
تەوەری سەرەكی كۆبوونەوە، تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی دارایی هەرێمی كوردستان لە دوای جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی سێ لایەنەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و هەروەها بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ هەنگاوەكانی خەرجكردنی مووچەی هەردوو مانگی ئاب و ئەیلوول و مانگەكانی دیكەی ساڵی 2025 ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكە، لە دووتوێی ڕاپۆرتێكدا، وردەكاریی بارودۆخی دارایی ئێستای هەرێم لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری خرایەڕوو كە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی ژمێركاریی هەرێمی كوردستان بە ژمارە و داتای پێویست، سەرجەم بوارەكانی داهاتەكان و خەرجییەكان و كورتهێنانی مانگانە ڕوون كرایەوە كە لە چوارچێوەی تەرازووی پێداچوونەوە، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی لێ ئاگاداركراوەتەوە.
پاشان هەریەك لە وەزیری دارایی و ئابووری و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، وردەكاریی زیاتریان لەسەر ڕاپۆرتەكە خستەڕوو كە پێشتر بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوەكانی هەرێم ئامادە كرابوو، دوای گفتوگۆ و تاوتوێكردنی بابەتەكە، ئەنجومەنی وەزیران لە پێناوی دابینكردنی مووچە و شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و زامنكردنی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان، چەندین ڕاسپاردە و پێشنیاری پەسەند كرد و وەزارەتی دارایی ڕاسپێردرا بۆ دەركردنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانكاریی جێبەجێكردنیان، لە ناویشیاندا جێبەجێكردنی پابەندییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی نانەوتی و پێدانی پێشینە بەم بابەتە لە پێش هەموو خەرجییەكان، تاوەكوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ هیچ شتێك نەكاتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچەی هەردوو مانگی ئاب و ئەیلوول و مانگەكانی دواتریش، كە ئێمە لە مانگی تشرینی یەكەمین و مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگەكانی هەشت و نۆیان هێشتا وەرنەگرتووە .
ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حكومەتی فیدڕاڵ دەكات، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ڕاسپێرێت بە خەرجكردنی مووچەی هەرێم بە تایبەتیش وەك وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت خستیەڕوو، ڕێككەوتننامەی سێ لایەنەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان زۆر بە باشی بە بێ كەموكووڕی جێبەجێكراوە و زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێم لە بازاڕی جیهانی لە لایەن كۆمپانیای سۆمۆ فرۆشراوە و داهاتەكەشی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ.