هەرێم نیوز
بە فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی،سەرۆک وەزیرانی عێراق، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەبارەی کوژرانی سەفا مەشهەدانی، کاندیدی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا پێکهات.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا ئەمڕۆ، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوای نیوەشەو، بۆمبێکی لکێندراو کە لەژێر ئۆتۆمبێلێکی جۆری تاهۆ دانرابوو، تەقییەوە.
ئۆتۆمبێلەکەی سەفا حوسێن یاسین مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و کاندیدی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە گەڕەکی زوبات لە قەزای تارمییەی باکووری بەغدا، تەقێندراوەتەوە و لە ئەنجامدا، مەشهەدانی گیانی لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش کە لەگەڵیدا بوون بریندار بوون."
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، "بە فەرمانی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، تیمێکی کاریی هاوبەشی هونەریی تاوانکاری و لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا پێکهێنراوە بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی رووداوەکە."