هەرێم نیوز
تیمی کوردستانی عێراقی ڕێكخراوی CPTـێ ئەمریكی ڕایگەیاند، لە مانگی ڕابردودا، سوپای تورکیا هیچ هێرش و بۆردومانێکی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامنەداوە، بەڵام تورکیا و پەکەکە بەردەوامن لە فراوانکردنی پێگەی سەربازی، لەشکرکێشی و جموجۆڵی چەکداری.
تیمی کوردستانی عێراقی CPT، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاپۆرتێكدا سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی و بەردەوامی جموجۆڵی سەربازی ڕایگەیاند، "لە مانگی (ئەیلول/9)ـدا، سوپای تورکیا هیچ هێرش و بۆردومانێکی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامنەداوە، ئەوەش یەکەمجارە لە دوای ساڵی 2015ـەوە مانگێک بەبێ هێرش و بۆردومانی سوپای تورکیا تێپەڕێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، سەرباری وەستاندنی تەواوەتی هێرش و پێکدادانە چەکدارییەکانی سوپای تورکیا و پەکەکە، بەڵام هەردولا بەردەوامن لە فراوانکردنی پێگەی سەربازی، لەشکرکێشی و جموجۆڵی چەکداری.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، سوپای تورکیا هێرشەکانی بەتەواوەتی ڕاگرتوە، بەڵام بەردەوامە لە بنیاتنانی بارەگای سەربازی نوێ لەسەر چیای مەتینا، دروستکردنی ڕێگای سەربازی لە نێوان بنکە و بارەگاکانی لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین لە سنوری قەزای ئامێدی و وێرانکردنی دارستان و بڕینەوەی دارەکانی ناوچەی زاپ و گواستنەوەیان بۆ ناو تورکیا.
گەریلاکانی پەكەكە سەرقاڵی دروستکردنی تونێل و ڕێڕەوی ژێرزەمینین لە گارا، قەندیل و ئاسۆس
ئەوەشیخستەڕو، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، سەرباری دەستبەرنەدان لە چەک، سەرقاڵی دروستکردنی تونێل و ڕێڕەوی ژێرزەمینین لە ناوچەکانی گارا، قەندیل و ئاسۆس.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، لە 1ـی (ئادار/3) تاوەکو 30ـی (حوزەیران/6)، سوپای تورکیا، هەزار و 390 هێرش و بۆردومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدابو. ئەوە لە کاتێکدا، لە 1ـی (تەموز/7)ـەوە تاوەکو 30ی (ئەیلول/9)، سوپای تورکیا تەنیا 34 هێرش و بۆردومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.
CPT باسی لەوەشكردوە، سەرباری ڕاگرتنی بۆردومانەکان، گوندنشینانی گوندەکانی (بەری گارێ) نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ سەر گوندەکانی خۆیان. گوندنشینانی دەڤەری نهێلێش، تا ئێستا ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ڕەز و باخ و کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان. لە مانگی (ئاب/8)ـدا، کاتێک گوندنشینانی گوندی (گوهەرزێ) لە دەڤەری نهێلێ ویستیان بچنەوە سەر ڕەز و باخەکانیان، بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک لەلایەن سەربازانی تورکیاوە دەستبەسەرکران.
دەشڵیت، "پڕۆسەی ئاشتی بوەتە مایەی ڕاگرتنی تەواوەتی بۆردومان و هێرش و پێکدادانی چەکداری، بەڵام لەشکرکێشی و جموجۆڵی چەکداری و فراوانکردنی هەژمونی سەربازی هەردولا، بوەتە هۆی لاوازبونی پڕۆسەکە و هەستیار بونی دۆخەکە. ئەمەش وایکردوە، کە تاوەکو ئێستا گوندنشینان نەتوانن بگەڕێنەوە ناو گوند و ماڵ و کێڵگە کشتوکاڵییەکان و کاریگەری جەنگیان بەسەرەوە بمێنێتەوە".