هەرێم نیوز
ئاژانسی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، لە کاتێکدا کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە ترەمپ دوای هەڵدانی مووشەکەکانی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەڕ ئاگاداری ڕووداوەکە بووەتەوە، بەڵام چەند بەرپرسێکی ئیسرائیلی دەڵێن ترەمپ پێشوەخت دەیزانی و دەیتوانی ڕێگری لێبکات، بەڵام ناڕەزایەتی دەرنەبڕی.
بەرپرسانی ئیسرائیل بە ئاکسیۆسیان ڕاگەیاندووە؛ "ترەمپ پێش هەڵدانی مووشەکەکان، لەبارەی هێرشەکەوە زانیبووی، لەسەر ئاستی سیاسی لە نێوان ناتانیاهۆ و ترەمپ گفتوگۆیەک هەبوو، دواتر لەڕێگەی کەناڵە سەربازییەکانەوە، ترەمپ نەیگوت نەخێر، ئەگەر بیویستایە دەیتوانی بیوەستێنێت، بەڵام ئەوەی نەکرد".
ئەو بەرپرسانە جەختیان لەوە کردەوە کە کۆشکی سپی هۆکاری سیاسییان هەیە بۆ خۆدوورخستنەوە لەو پرسە، هەروەها ئەمە یەکەمجار نییە کە بەرپرسانی ترەمپ گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئیسرائیل شێواندووە.
ئیسرائیل سێشەممەی رابردوو هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماس لە دەوحە. حەماس رایگەیاند کە شاندی دانوستانکاری بە سەرۆکایەتی خەلیل حەییە، لە هێرشەکە رزگاریان بووە، بەڵام بەڕێوەبەری نووسینگەکەی (جیهاد لەبەد)، کوڕەکەی (هومام حەییە) و سێ یاوەری دیکە گیانیان لەدەستداوە.
پێشتر حەماس لە ڕاگەیەندراوەکەیدا لەبارەی ئەم هێرشەوە، ئەمریکای بە هاوبەشی ئیسرائیل ناوهێنا.