دواین هەواڵ

جیهان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

لووتکەی عەرەبی-ئیسلامی لە دەوحە کۆتاییهات

هەرێم نیوز

لوتکەی عەرەبی-ئیسلامی لە دەوحە کۆتاییهات و ڕاگەیەندراوی کۆتایی بڵاوکرایەوە، تێیدا ئیدانەی هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر قەتەر کرا و دەڵێت: ئەو هێرشە هەموو هەلێک بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەکەدا لەباردەبات.

لوتکەی عەرەبی - ئیسلامی کە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەچوو، بە بەشداری زۆربەی سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، ڕێگاکانی وەڵامدانەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی قەتەر تاوتوێ کرا. 

شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر لە دانیشتنی دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە "دەوحە تووشی هێرشێکی خیانەتکارانە بووە و دەستدرێژیی ئیسرائیل کە بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک کەس لە نێویاندا قەتەرییەک، هەموو جیهانی تووشی شۆک کردووە". 

ئەو دەستدرێژییەی بە "کردەوەیەکی تیرۆریستی ترسنۆکانە" وەسف کرد و ئاماژەی بەوەدا کە قەتەر ماوەی دوو ساڵە وەک ناوبژیوانێک هەوڵی کۆتاییهێنان بە شەڕی جینۆساید لە غەززە و گەڕاندنەوەی بارمتەکان دەدات. 

شێخ تەمیم لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە بۆ ئیسرائیل دانوستان تەنیا تاکتیکێکە لە شەڕدا و حکومەتی ئیسرائیل بەنیازی ئازادکردنی بارمتەکان نییە. 

بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ئیسرائیل شەڕەکە بۆ فراوانکردنی نیشتەجێبوونەکان و گۆڕینی دۆخی ئێستا بەکاردەهێنێت و پێی وایە دەتوانێت واقیع بەسەر جیهانی عەرەبیدا بسەپێنێت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، “ناتانیاهۆ خەونی ئەوە دەبینێت کە ناوچەی عەرەبی بکاتە ناوچەی ژێر هەژموونی کاریگەری ئیسرائیل”.

ئیسرائیل سێشەممەی رابردوو هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماس لە دەوحە. حەماس رایگەیاند کە شاندی دانوستانکاری بە سەرۆکایەتی خەلیل حەییە، لە هێرشەکە رزگاریان بووە، بەڵام بەڕێوەبەری نووسینگەکەی (جیهاد لەبەد)، کوڕەکەی (هومام حەییە) و سێ یاوەری دیکە گیانیان لەدەستداوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP