هەرێم نیوز
هۆشیار زێباری رایدەگەیەنێت، عێراق دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی لەسەر پێی خۆی بوەستێت و بەرەو پێشەوە بچێت و لەڕووی ئابورییەوە عێراق سەرمایەدارانی بیانی بۆ خۆی رادەکێشێت
هۆشیار زێباری، ئهندامی دهستهی كارگێڕی مهكتهبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی(TheNational)رایگەیاند، عێراق دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی لەسەر پێی خۆی بوەستێت و بەرەو پێشەوە بچێت، پێویستە ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ بەهێزكردنی سەقامگیرییەکەی.
وتیشی: عێراق پێشهاتی فراوان بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمساڵ عێراق هەڵبژاردنی نیشتمانی ئەنجام دەدات بۆ هەڵبژاردنی حکومەتی نوێ.
ئاماژەی بەوەشدا، لەڕووی ئابورییەوە عێراق سەرمایەدارانی بیانی بۆ خۆی رادەکێشێت، ئەوەش بە پلەی یەکەم بۆ باشتربوونی دۆخی ئەمنی لە سەرتاسەری وڵات و کەمبونەوەی هێرشە تیرۆریستییەکان و نائارامییەکان دەگەڕێتەوە، بەم دواییانەدا هانی کۆمپانیا ئەمریکییەکانیشی داوە، بە تایبەتی لە کەرتی نەوتدا، بۆ هاتن و وەبەرهێنان كردن.
لەو جاوپێکەوتنەدا دەشڵێت: حکومەتی عێراق نیازى پاکە، هەرچەندە دۆخەکە بە تەواوی سەقامگیر نەبووە، هێرشی فڕۆکه بێفڕۆکەوانەکان كە وەبەرهێنانەکانی ئەمریکای لە هەرێمی کوردستانی به ئامانجگرت، رەنگە زیان بە متمانەی وەبەرهێنەران بەگەیەنێت.
هۆشیار زێباری راشیگەیاند، حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوەی لەم دۆسیەیە کرد، بەڵام کاتێک لێکۆڵینەوەکە تەواو بوو، ناوی تاوانبارانی دەستنیشان نەکرد، ئەوەش بۆ وەبەرهێنەران بێهیواکەرە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە هەموو شتێک زیاتر، عێراق پێویستی بە ژینگەیەکی دۆستی وەبەرهێنەر و ئاسایش و دادگاو یاساو کۆنترۆڵکردنی کەسانی دەرەوەی یاسا و میلیشیاکان هەیە.