دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

هەسەدە و سوپای سوریا لێدوانی جیاواز لەسەر شەڕەکەی نێوان دەدەن

هەرێم نیوز 

هەسەدە رایگەیاند، لە دێرحافر رووبەڕووی بۆردوومان و هەوڵی دزەکردنی گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بووینەوە بەڵام بە تەواوی شکستمان پێهێنا، لەبەرامبەردا، سوپای سوریا دەڵێت، پێگەو بنکەکانی هێزەکانیان لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەفڕۆکەخانەی سەربازیی (جەراح)ی لەڕۆژئاوای حەلەب، بۆردومان کراون، هەربۆیە "له‌وه‌ڵامى ئه‌وه‌دا، سوپاش بۆردومانى هه‌سه‌ده‌ى كردوه‌ته‌وه‌".

فەرمانگەی ڕاگەیاندن‌و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی سوریا ده‌ڵێت، ئێوارەی دوێنێ 10ی ئەیلولی 2025، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، له‌ناكاو هێرشێکی فراوانی کردوەتەسەر هێزەکانیان لەفڕۆکەخانەی سەربازیی (جەڕاح)و دەوروبەری شارۆچکەی مەسکەنە لەڕۆژئاوای حەلەب، لەهێرشەکەدا، ماڵ‌و خانوی هاوڵاتیانی گوندەکانی ئەو ناوچەی وێرانکردوەو دوو هاوڵاتیش گیانیانلەدەستداوه‌و سیانى دیكه‌ش برینداربون.

وەزارەتی بەرگریی سوریا ئاشکرایکردوە، دوای هێرشەکەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، سوپای سوریا دەستی بەهێرشکردنی پێچەوانەوە بۆسەر سەرچاوەی هێرشەکە، کردوە.

وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە لەبەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردوە، هەموو ئەرکێکی خۆی بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتییانی سوریاو موڵک‌و ماڵیان دەگرێتەبەر، هیچ کەمتەرخەمییەک لەوبارەوە ناکەن.

ئاژانسی هەواڵی سانای سوریا بڵاویکردەوە، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەکاتیۆشاو موشەک‌و هاوەن، چەند ناوچەیەکی لەدەوروبەری حەلەب-یان بۆردومانکردوە.

لەبەرامبەردا، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "ڕێگرییان لەژمارەیەک چەکداری سەر بەحکومەتی سوریا کردوە کە هەوڵیانداوە دزە بکەنە نێو ناوچەکانی دەوروبەری "تل حافر" لەبەرەی باشور لەڕۆژهەڵات‌و نائارامیان دروستکردوە، دوای هێرشەکەشی بۆ سەر ئەو چەکدارانە، جارێکی دیکە ئارامی بۆ ناوچەکە گەڕاوەتەوە".

هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکەی چەکدارانی سوپای سوریایان تێکشکاندوەو شکستیان بەهەوڵەکانیان هێناوە بۆ داگیرکردنی ناوچەکە.

ئاماژە بەوەشدەکات، هێزەکانیان بەرپرسیارێتی تەواویان هەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەموو ئەو دەستدرێژیانەی دەکرێنەسەریان‌و دوپاتیدەکاتەوە، لەلایەنی بەرامبەر بەبەردەوام ئەو هەوڵانە دوبارە دەکاتەوەو نائارامی لەناوچەکە دروستدەکات، هاوڵاتیانیشی دڵنیاکردوەتەوە، بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵکراوەو ئامادەیی بەردەوامیان هەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی دیکە کە لەناکاو بکرێتە سەریان.

لاى خۆیه‌وه‌ فەرهاد شامی بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاندوه‌، ئێستا بارودۆخەکە ئارامە، هیچ زانیارییەکیشی لەبارەی زیانەکانی دوای شەڕەکەی نێوان هەسەدەو چەکدارانی سووپای سوریا ئاشکرانەکرد.

لەدوو هەفتەی ڕابردودا، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)و هێزەکانی هاوپەیمانان، ڕاهێنانی سەربازیی هاوبەشیان لە(تل تەمەر)، لەدوو کاتی جیاوازدا کرد، کە تێیدا فڕۆکەی جەنگی‌و هەلیکۆپتەر بەکارهاتن، بەشێوەیەک ڕاهێنانەکان هەر جارێک، هەفتەیەک بەردەوام بوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP