هەرێم نیوز
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی 64ەمین ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوول رایگەیاند، "چاوەڕوانیمان لە جەماوەری پارتیمان و خەڵکی کوردستان ئەوەیە پشتیوانی لە بەرنامە هەنگاوەکانی پارتیمان بکات."
پارتی لە پەیامەکەدا ئاماژە بەوەش دەکات: ئەو بۆنەیە بە دەرفەت دەزانین وەک هەمیشە جەخت لە سەر ڕێبازی ڕەگداکوتاوی کوردایەتیی و نەتەوەیی و پارتایەتیمان بکەینەوە بۆ پتەوکردنی هەماهەنگی و هاوگوتاری سیاسی و هاوهەڵوێستی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان و پاراستنی قەوارەی سیاسی هەرێم و دەسکەوتەکانمان.
دەقی ڕاگەیەندراوی پارتی دیموکراتی کوردستان:
لەو سەردەمە سەخت و دژوارەی ئەوسادا و وەک پێویستییەکی مێژوویی و بەرخودان، شۆڕشی مەزنی ئەیلوول چەشنی جووڵانەوەیەکی سیاسی هەڵگیرسا، بەرپابوونی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر و پێشڕەوی پارتیمان لاپەڕەیەکی پڕشنگداری نوێی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان بە خوێن و گیانفیدایی تۆمار کرد.
شۆڕش لەو قۆناخەدا بایەخ و کاریگەرییەکی زۆری هەبوو بەسەر بزاڤی ڕزگاریخوازی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان، لەبەر ئەوەی هەڵگری پەیامێکی ڕاست و دروست و بابەتیانە و ئەقڵانی بوو، هەروەها شۆڕش سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوو، کە ڕەگوریشەی ئیرادە و ورەی پۆڵایینی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە بن نایەن و تا بەدیهێنانی ئامانجەکانمان کۆڵ نادەن.
ئەو بزووتنەوە سیاسییە بەپێی هەولومەرجی ئەو کاتە خاوەن خەسڵەت و تایبەتمەندی خۆی بوو لە ڕووی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و سەربازییەوە، بۆیە شوناسێکی جیاوازیشی هەبوو، کە خەباتێکی نەپساوە بوو بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەوەزەنگی زۆرداری و نەهامەتی بهێنێ.
یەکێک لە بنەما گونجاو و ڕەسەنەکانی شۆڕش، ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگای فرەڕەنگی کوردستانیی و کولتووری شۆڕشگێڕی کوردایەتیی و نیشتمانپەروەری بوو، لەسەرینی ئەمەوە شۆڕشێکی درێژخایەن و مەزن و سەرتاسەری بوو، لەو ڕێگایەشدا قوربانی بێشوماری پێشکەش بە خاک و نەتەوە و دۆزە ڕەواکەمان کرد.
شۆڕشی ئەیلوول بە ئەجێندایەکی نوێ و ڕێکوپێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوى سەربازى و سیاسى و دیبلۆماسى بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نەتەوەکەمان و خەڵکی کوردستان بە گشتی خۆی دەبینییەوە و هەرگیزاو هەرگیز لەسەر ئەو ڕێچکە و ڕێبازەی لای نەدا و نەک لە پیلانگێڕی و ناپاکییەکان سازش و سڵی نەکردەوە، بەڵکو سوورتر بوو لەسەر جۆشدان و ڕابوونی سیاسیی و باشترکردنى بارى ئابووری و کولتووری هۆشیارى و گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکانمان.
لە لایەکی دیکەوە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول سەرتاسەری کوردستانی کردە یەکدەست و ھەموو سنوورە ناوچەیی و ئایینی و مەزھەبیەکانی سڕیەوە و تەواوی گەلی کورد و کوردستانى لە چوارچێوەی ھێزی بەرھەڵستکاری دژ بە دیکتاتۆریی یەکخست و هێزى بەخشیە گەلى کوردستان بۆ بەرگرى لە مافەکانى.
شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە پێی کارنامە و پلانى داڕێژراوەى خۆی بۆ جاڕدان و بەرپاکردنی شۆڕش و بەردەوام بوونی بۆ بەدیهێنانى مافە ڕەواکانی گەلەکەمان، وەک وەرچەرخانێکی گرینگ ڕۆڵ و سەنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستانی بۆ قۆناغێکی سیاسیی پێشکەوتووتر گواستەوە بە جۆرێك لەسەر گۆڕەپانی سیاسی نێوخۆیی و جیهانیدا ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە وەک هێزێکی کاریگەر تەنیا شۆڕشێکى چەکدارى نەبوو، بەڵکو شۆڕشێک بوو لە بوارى کۆمەڵایەتى بە تایبەتى لە ڕووى پێکهێنان و پاراستنى خێزان و، بوارى پەروەردە و پێگەیاندن و تەندروستى و ئیدارەدانى کۆمەڵگا و ڕێگاوبان و میدیا و پەیوەندییەکان و گۆڕانکارى زۆرى ئەنجامدا و ڕۆڵى نەتەوەیى و نیشتیمانى لە ئاستێکى باڵا گێڕا و، توانى چەندین دەستکەوتی گرنگى نەتەوەیى و نیشتیمانى و سیاسى و ئیدار و ڕۆشنبیرى و مێژووییش بۆ گەلەکەمان بەدیبێنێ لەوانەش: ڕێککەوتننامەى (١١ی ئاداری ١٩٧٠).
ئەو بۆنەیە بە دەرفەت دەزانین وەک هەمیشە جەخت لە سەر ڕێبازی ڕەگداکوتاوی کوردایەتیی و نەتەوەیی و پارتایەتیمان بکەینەوە بۆ پتەوکردنی هەماهەنگی و هاوگوتاری سیاسی و هاوهەڵوێستی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان و پاراستنی قەوارەی سیاسی هەرێم و دەسکەوتەکانمان.
لەو یادە پیرۆزەدا و لە سەروبەندی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەخت لەسەر بەشداریکردن و پڕۆسەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازادانە دەکەینەوە، کە بڕیارە لە ١١/١١/٢٠٢٥ بەڕێوەبچێ، بۆ ئەوەی قۆناغی داهاتوو پڕۆسەی سیاسی عێراقى فیدراڵ لەسەر بنەمایەکی ڕاست و دروست دابڕێژرێ و کێشە و قەیرانەکان چارەسەر و بنبڕ بکرێن، بۆ ئەمەش چاوەڕوانیمان لە جەماوەرى دڵسۆزى پارتیمان و خەڵکى بەئەمەکى کوردستان و سەرجەم عێراقە، پاڵپشتیی بەرنامە و هەنگاوەکانى پارتیمان بکەن کە جەختکردنەوەیە لەسەر جێبەجێکردنى دەستوور و چەسپاندنى پڕەنسیپەکانى بنیاتنانەوەى عێراقى نوێیە، وەکوو وڵاتى هەمووان.
لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوچەکەش، پارتیمان لەپێناو ئارامی و ئاساییشی خەڵکی کوردستان بەردەوام ھەوڵی داوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە پەیوەندییەکی باش و ھاوسەنگدا بێت، کە بەرژەوەندیی ھەموو لایەکی تێدا پارێزراو بێت.
لەم یادە مەزنە مێژووییەدا، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە جەخت لەسەر بنەما سەرەکی و نەگۆڕەکان دەکەینەوە، بەجۆرێک بە هەموو لایەکمان لەسەر پرسە ستراتیژییەكانی كوردستان، لە داكۆكیكردن لە مافە ڕەوا و دەستوورییەكانمان و لە خاكەكەمان و لە دەستكەوت و قەوارە نیشتمانییەكەمان و، لە پاراستنى دامودەزگا شەرعیەکانى کوردستان (سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەت و پەرلەمانى کوردستان) یەکڕیز و هاوئاراستە و هاوگوتار بین.
لە بیرەوەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول هەمدیسان بەڵێن و ئەمەکداری بۆ گەلی کوردستان و سەرۆک (مەسعود بارزانی) و خوێن و گیانی شەهیدە نەمرەکانمان دووپات دەکەینەوە، کە لەسەر هەمان ڕێبازی کوردایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان نەسرەوین.
لەو یادە مەزنەدا پیرۆزباییەکی گەرم لە جەماوەری دڵسۆزی کوردستان دەکەین، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی و سەربەخۆیی کورد و کوردستان دادەنوێنین، سڵاو و ڕێز لە خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکانمان، سڵاو لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
سڵاو لە بیرەوەری (٦٤) ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول.
سڵاو لە گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە زیندوو.
بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان.
هەمیشە گەلەکەمان سەربەرز و کوردستانیش هەر ئاوەدان.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٥