هەرێم نیوز
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، 10ی ئەیلوولی 2025، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەو 25 گەنجە کوردەی لە لیبیا دەستگیر کرابوون، گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماوەی ڕابردوودا، هەواڵى دەستگیرکردنى 25 گەنجى هەرێمى کوردستان، کە لە وڵاتی لیبیا دەستگی کرابوون، لە رێگەی کەسوکاریانەوە گەیشتە پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەنیاز بوونە بە رێگەى نایاسایی خۆیان بگەیەننە کەناراوەکانى ئەورووپا.
باسی لەوەش کردووە، فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە تیمێکی راسپارد بۆ سۆراخ و بەدواداچوونیان، خۆشبەختانە تیمەکان بە هەماهەنگى لەگەڵ باڵیۆزخانەى عێراق لە لیبیا، توانیان ئەو گەنجانە بدۆزنەوەو ئازادیان بکەن.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئەوەشی خستۆتەڕوو، گرفتی سەرەکی بۆ گەڕانەوەی ئەم گەنجانە نەبوونی پاسپۆرت بوو، چونکە قاچاخچییەکان هەر زوو پاسپۆرتەکانیان لێسەندبوون تا نەتوانن بگەڕێنەوە.
ئەوەش هاتووە، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لەو وڵاتە، پاسپۆرتی پەڕینەوەیان بۆ گەنجەکان دابین کرد. دواى ئەوە لەسەر راسپاردە و پشتگیریی راستەوخۆى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێم، هەموو ئامادەکارییەکانی گەڕاندنەوەیان دابین کرا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، بەر لە گەڕانەوەیان بۆ هەرێمى کوردستان، د. ئەحمەد ئەلسەحاف، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بە ئامادەبوونی 25 گەنجەکەی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆکۆڵ لەگەڵ سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە باسیان لە سەرکەوتنی هەوڵەکانیان کرد بۆ ئازادکردن و ئامادەکاری بۆ گەڕاندنەوەی ئەو گەنجانە بۆ هەرێمی کوردستان. گەنجەکان ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە دووان و سوپاسی بەرپرسی فەرمانگە و حکومەتی هەرێمیان کرد کە لە خەمی هاووڵاتیی خۆیان بوون و توانیان دەربازیان بکەن.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، دزەیی خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا کە تەواوی گەنجەکان سەلامەتن و سوپاسی هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراقی لە تەرابلووس کرد کە هەمیشە هاوکار بووە لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ ئەم جۆرە پرسانە.
ئاماژهی بهوهشكردووە، لە میانەی گەیشتنەوەی گەنجەکان بۆ هەولێر، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەمەهانگیی قەیرانەکان و تیمى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت و تیمى فریاگوزارى و پزیشکى، لە پێشوازیی گەنجەکاندا بوون.