هەرێم نیوز
محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان نەخۆشە و بۆ چارەسەر چووەتە ئەڵمانیا. سەرچاوەیەکیش ئاشکرای کرد، تووشی نەخۆشیی دڵ بووە و نەشتەرگەریی بۆ کراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە: "کاک محەممەدی حاجی مەحموود، بۆ پشکنین چووەتە ئەڵمانیا، چونکە لە پێشمەرگایەتیدا 7 جار بریندار بووە و بە چەکی کیمیاییش پێکراوە، بۆیە جارجار بۆ پشکنین ناچارە بچێتە ئەڵمانیا."
بەڵام بەپێی زانیارییەکان، محەممەد حاجی مەحموود بۆ چارەسەری نەخۆشیی دڵ چووەتە ئەڵمانیا. کەسێکی ناوبراو وتی، تووشی نەخۆشیی دڵ بووە و نەشتەرگەریی بۆ کراوە، بەڵام قۆناخی مەترسیی تێپەڕاندووە.
محەممەد حاجی مەحموود، ساڵی 1953 لەدایکبووە، سکرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانە و وەزیر و ئەندامی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان بووە.
ساڵی 1981 بووەتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە پاشان بووەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە، دواتریش وەک سکرتێری گشتیی حیزب ھەڵبژێردراوە.