دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری كارەبا: كابینەی نۆ توانی كێشەیەكی ئاڵۆز و درێژخایەنی وەك كارەبا چارەسەر بكات

هەرێم نیوز

وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، كابینەی نۆی توانی كێشەیەكی ئاڵۆز و درێژخایەنی وەك كارەبا چارەسەر بكات و زیاتر لە سێ‌ هەزار موەلیدە بكوژێنێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، ڕایگەیاند: «بە پاڵپشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەت توانیمان چاكسازیی لە سێكتەری كارەبا بكەین و بەدامەزراندنی سەدان وێستگە و ڕاكێشانی تۆڕی پاڵەپەستۆی بەرز و چاكسازیی لە گرێبەستەكان و زیادكردنی بەرهەمهێنان و دانانی ژمارەیەكی زۆری پێوەری زیرەك و كەمكردنەوەی سەرپێچییەكان، ژێرخانێکی پتەو بنیاد بنێین».

وەزیری کارەبا، ئاماژەی بەوەشدا کە بەهۆی ئەم ژێرخانەوە، دەستمان بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی پێوەری زیرەك و پڕۆژەی ڕووناكی (کارەبای 24 كاتژمێری) کرد و بووە وەرچەرخانێك لە سێكتەری كارەبا و بەستەرێک بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەکی بەردەوامی کارەبا.

كەمال محەمەد ساڵح، دووپاتی دەکاتەوە کە سەرۆكی حكوومەت لە پەیامەکەیدا، بە ڕوونی دەستكەوتی جێبەجێكردنی بەڵێنەكەی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كارەبا خستەڕوو و پێش وادەی دیاریکراو كەمتر لە ساڵێك، نیوەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان، لە ناوەندی شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە و دەوروبەری سەنتەری شارەكان بوونەتە خاوەنی كارەبایەكی 24 كاتژمێری، وتیشی: كابینەی نۆیەم توانی كێشەیەكی ئاڵۆز و درێژخایەنی وەك كارەبا چارەسەر بكات.

سەبارەت بە پارێزگای هەڵەبجە، وەزیری کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە هەڵەبجە وەک یەكەمین پارێزگای هەرێمی كوردستان و لەسەر ئاستی هەموو عێراق بووە خاوەنی كارەبایەكی 24 كاتژمێری.

ئاشکرای کرد کە ئێستا چوار ملیۆن هاووڵاتی کە دەکاتە زیاتر لە (50%)ی هاووڵاتییان لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان و زیاتر لە 115 هەزار شوێنی بازرگانی، لە ڕێی ئەم پڕۆژەیەوە كارەبایەكی 24 كاتژمێرییان هەیە. هەروەها گوتی: «زیاتر لە 3222 مۆلیدەی گەڕەكەكان كوژێنراونەتەوە و ئەمەش سوودێكی یەكجار زۆری بۆ تەندروستی و سەلامەتیی هاووڵاتییان هەیە».

سەبارەت بە پارەی کارەبای سوودمەندان، وتی:ئێستا لە (80%)ی خەڵك پارەیەكی كەمتر لە جاران بەو كارەبایە دەدەن، كە پێشتر بە مۆلیدەكانیان داوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP