هەرێم نیوز
ئەندامێكی لیژنەی نەوت و غاز ئاشکرای کرد، کە ئامادەكارییەكان بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت تەواو بووەو تەنها بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ماوە. دەشڵێت بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێم بە رێژەیەکی باش زیادیکردووەو 50 ھەزار بەرمیلیش بۆ ناوخۆی ھەرێم دەبێت.
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: ھەموو کارەكانی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە تەواو بووە، تەنیا ماوە بڕیاری لێ بدرێت و دەست بە ھەناردەکردنەوەی بکرێتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری کۆتایی بدرێت.
سەباح سوبحی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە: پێویستە رێککەوتن لەسەر نەوتی ھەرێم سێقۆڵی بێت، لەنێوان حکومەتی ھەرێم، عێراق و کۆمپانیا بیانییەکان، ھەنگاوی زۆر باش نراوەو رێککەوتنەکان کراون، ڕێکاری تەکنیکی تەواوبون و بۆری ئامادەیە، لەڕووی یاساییەوە لە یاسای بودجە، ماددەی 12 بە تێروتەسەلی باس کراوە، 16 دۆلاری بۆ ھەر بەرمیلێک بۆ دەرھێنان و گواستنەوەی نەوت داناوە، بۆیە ھەموو پرسەکان تەواوبوون، تەنیا بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ماوە.
دەشڵێت: بابەتی فرۆشتنی نەوتیش تەواو بووە، دیارە دەدرێتە کامە کۆمپانیا، بۆیە ھەموو کارەکان تەواوبوون، سبەی ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ھەیە و بڕیار لەبارەی داھاتی نەوت و نانەوتی و راپۆرتەکانی ئامادەکراون دەدات.
ئاماژەی بەوەش کردووە: ئێستا بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان بە رێژەیەکی باش زیادی کردووە، دەتوانین مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکەین و 50 ھەزار بەرمیلیش بۆ ناوخۆی ھەرێم بێت، ئەوەش یەکلایی بۆتەوە، بۆیە لە ھەنگاوی کۆتاییدایە و تەنیا ماوە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر بدات، راستەوخۆ دەست بە ھەناردەکردنی دەکرێت، پێویستە زەمانەتیش بدرێت بە کۆمپانیاکانی نەوت بۆ ئەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەست پێبکاتەوە.