دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

سودانی لێژنەیەک سەبارەت بە بەقاچاخبردنی نەوتی عێراق پێکدەهێنێت

هەرێم نیوز 

سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا بۆ لێكۆڵینەوە لە تێكەڵكردنی نەوتی عێراق لەگەڵ ئێران و بە قاچاغبردنی، هەروەها جەختی کردەوە کە پێویستە کەمتەرخەمی نەکرێت لەو بابەتەدا و لیژنەکە ڕاسپاردەکانی خۆی پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران بکات.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، محەمەد شیاع سودانی، فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە دەکات سەبارەت بە گومانەکانی بە قاچاخ بردنی نەوتی عێراق. 

ئاماژەی بەوەشكرد، لیژنەكە لە لایەنە پەیوەندیدارە تایبەتمەندەكان پێكهاتوە و لێکۆڵینەوە لەو زانیاریانە دەكات کە پەیوەستە بە گومانی گەندەڵی لە تێکەڵکردن و بە قاچاخ بردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان، چ لە بەندەرەکانی عێراق بێت یان لەچوارچێوەی ئاوە هەرێمایەتییەكاندا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوكە، سەرۆك وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە کەمتەرخەمی نەکرێت لەو بابەتەدا، هەروەها لیژنەکە ڕاسپاردەکانی خۆی، لەگەڵ تەواوبونی لێکۆڵینەوەکە، پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران بکات، بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بەپێی یاسا و دەستەبەرکردنی پاڵپشتی بۆ ئابوری نیشتمانی و پاراستنی سامانی گشتی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP