هەرێم نیوز
بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق، رایدەگەیەنێت، هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت کردووە،دەشڵێت، لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا لەگەڵ حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان ڕێکدەکەون.
ئەمڕۆ شەممە 6ـی 9ی 2025، باسم خزەیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق، لە لێدوانێکی رایگەیاند، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت زیاتر پشت بە حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیاکان دەبەستێت، ئێمە هەموو ئاسانکارییەکمان کردووە بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێم و هەناردەکردنەوەی.
بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماژەی بەوە دا، پشتیوان بە خوا لە چەند رۆژی هاتوودا، لەگەڵ حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان دەگەینە ڕێککەوتن لەسەر ئەو پرسە.
هەر ئەمڕۆ عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) وتی، لە لایەن ئێمەوە لە بارەی ڕێككەوتن و گرێبەستەكان هەموو شتێك تەواو كراوە و هەموو ئامادەكارییەك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە کراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ، باسی لەوەش کردبوو، ئێستا ئێمە چاوەڕێین نەوتمان بۆ بنێرن، هەروەها وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان و نەوت هەموو هەوڵێکیان بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت خستووەتەگەڕ.
بەگوێرەى ئەو لێکتێگەیشتنەى نێوان بەغدا و هەولێر کە لە 17ى تەمووز لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پەسند کرا، پێویستە رۆژانە هەرێمى کوردستان 230 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەناردە رادەستى کۆمپانیاى سۆمۆ بکات، ئەو هەنگاوە یەکێکە لە مەرجەکانى ناردنى مووچە بۆ هەرێمى کوردستان.
دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت لەسەر کۆمپانیاکانى نەوت وەستاوە کە داواى گەرەنتى خەرجکردنى ئەو 16 دۆلارە دەکەن کە بڕیارە بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەى هەر بەرمیلێک نەوت پێیان دەدرێت.