دواین هەواڵ

کوردستان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

گۆرانی کوردسات: ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە هێزێکی نیشتمانی و یەکگرتوە

هەرێم نیوز

بزوتنەوەی گۆرانی کوردسات، جەخت لە یەکگرتویی ناوخۆیی کوردی و بەهێزکردنی دامەزراوەکان و كاراكردنەوەی پەرلەمان دەكات، هەروەها دەشڵێت، "زیادبونی هەژمونی حزبی و بڕیاری حزبی بەسەر دامەزراوە شەرعیەکاندا گەورەترین مەترسیە لەسەر چارەنوسی ئێستا و داهاتوی کوردستان و ئێستا  لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە هێزێکی نیشتمانی و یەکگرتوە".

ئەمڕۆ شەممە، جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆرانی كوردسات  بە سەرپەرشتی دانا ئەحمەد مەجید  کۆبوەوە و رێکخەری گشتی، لەسەر دواین پەرەسەندنە سیاسیەکانی ناوچەکە و کاریگەری لەسەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕونکردنەوەی پێویستی خستەڕو.  لەو بارەیەوە جەختی لە یەکگرتویی ناوخۆیی کوردی و بەهێزکردنی دامەزراوەکان و سەروەری یاسا و زاڵبون بەسەر کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان کرد.

دەقی راگەیاندراوەکە:

جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی کۆبووەوە
ڕۆژی شەمە (٦ی ئەیلولی ٢٠٢٥)، جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، کۆبونەوەی خۆی لە مەکۆی سەرەکی، بە سەرپەرشتی دانا ئەحمەد مەجید گرێدا.
لەسەرەتادا، دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری گشتی، لەسەر دواین پەرەسەندنە سیاسیەکانی ناوچەکە و کاریگەری لەسەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕونکردنەوەی پێویستی خستەڕو. لەو بارەیەوە جەختی لە یەکگرتویی ناوخۆیی کوردی و بەهێزکردنی دامەزراوەکان و سەروەری یاسا و زاڵبون بەسەر کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان کرد.
لەبارەی دۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، ئاماژەی بەوەکرد سەرەڕای ئەو کێشە و ئاستەنگە سیاسیی و قانونی و ڕێکخراوەییەی بۆ گۆڕان دروستکراوە، بە پشتیوانی ئۆرگان و کەسایەتیەکان؛ توانراوە بەسەر لەمپەڕەکان زاڵ بین و بۆ داهاتوش بەرنامەی خۆڕێکخستنەوەی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
دواتر بەشداربوان و ئەندامانی هەردو جڤات، گفتوگۆ و ڕوانگەی خۆیان لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتوی گۆڕان و بڕیار لەبارەی پێشهاتە سیاسیەکان خستەڕو، لەو سۆنگەیەوە کۆبونەوەکە بە چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەک گەیشت، لەوانە:
# ئەنجامدانی کۆبونەوەی فراوان و خۆڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و گوێگرتن لە هەموو گۆڕانخوازان لەسەر ئاستی شار و شارۆچکەکانی هەرێم و ناوچە دابڕاوەکان و ڕەوەندی کوردی. بۆ ئەو مەبەستە ئۆرگانە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران بۆ ئامادەکاری و ئەنجامدان.
# لەبارەی پەیوەندیەکانی حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم، کۆبونەوەکە جەختی لە چارەسەری کێشەکان کردەوە لەسەر بنچینەی دەستوری هەمیشەیی عێراق و پاراستی مافەکانی هەرێم و شایستە داراییەکان، بەتایبەت زامنکردنی موچەی موچەخۆران.
# پەیوەندیدار بە ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، جەختکرایەوە هەرێمی کوردستان لە بازنەی قەیرانەکان دەرناچێت، ئەگەر بەخۆداچونەوەیەکی ڕیشەیی لە شێوازی حوکمڕانی لە ناوخۆ و دەرەوەی خۆی نەکات، بەر لە هەر هەنگاوێک؛ زیادبونی هەژمونی حیزبی و بڕیاری حیزبی بەسەر دامەزراوە شەرعیەکاندا گەورەترین مەترسیە لەسەر چارەنوسی ئێستا و داهاتوی کوردستان.
# پەلەکردن لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و بەهێزکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکان.
# ئەگەر نامانەوێت ئەزمونی هەرێمی کوردستان چارەنوسی دەسەڵاتە شکستخواردوەکانی ڕابردو بێت؛ پێویستە گوتارێکی نیشتمانی جێگەی گوتاری حیزبی بگرێتەوە، ئەم گوتارەش لەسەر بنچینەی پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و کورد لەناوچەکە دابڕێژرێت.
# لە هەمو کات زیاتر پێویستمان بە هێزێکی نیشتمانی و یەکگرتوە، کە لە ئاست چاوەڕوانیەکان و قوربانیدانئ خەڵکی کوردستان بێت.
# خەڵکی کوردستان، قەیرانێکی تاقەتپڕوکێنی سیاسیی و دارایی و دامەزراوەیی بەڕێکرد، بەڵام گەلەکەمان لەبەردەم دەرفەت و ئاڵانگاریدا؛ فرسەتی بەردەمی زیاترە، وەک لە مەترسی، لەو چوارچێوەیەدا ئێمە لە هەمو کات زیاتر پشتمان بە خەڵک ئەستورە، بێگومان ئەم نائومێدیەش تێدەپەڕێت، دواجار خەڵکی کوردستان سەردەکەوێت.
جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
٦ی ئەیلولی ٢٠٢٥

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP