هەرێم نیوز
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد دەکەن و پێشوازی لە کۆمپانیا نەوتییەکان دەکەن، کە خواستی وەبەرهێنانیان هەیە لە کەرتی وزەی عێراقدا.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی وتەیەکدا لە دەستپێکردنی کارەکانی کۆربەندی نێودەوڵەتیی بەغداد بۆ وزە رایگەیاند، هیوا و ئاواتێکی زۆریان لەسەر ئەم کۆبەندە هەڵچینیووە، بە تایبەت لە سایەی پەیوەندی بەهێزی عێراق بە وڵاتانی بەرهەمهێنانی نەوت لە کاتێکدا پێشتر بەغداد دامەزراندنی رێکخراوی ئۆپیکی لە خۆگرتووە.
سودانی روونیکردەوە، هەر لە سەرەتای کارکردنی کابینەی حکومەتەکەی، دۆسیەی وزە ئامادەیی هەبووە، بەئامانجی سوود وەرگرتنی فراوان لە سامانی نەوت و بەرزکردنەوەی بەرهەم، لە کاتێکدا جیهان لە گۆڕانێکی خێرادابە بە ئاراستەی جۆرایەتی وزە بە تایبەت وزەی نوێبووە.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق روونیکردەوە، نەوتی عێراق بەردەوام دەبێت لە دەستبەرکردنی وزە بۆ بازاڕەکانی وزەی جیهان، لە کاتێکدا بە گوێرەی پێشبینییەکان بەرهەمی نەوتی عێراق تاوەکوو 120 ساڵی دیکە بەردەوام دەبێت، لە کارکردنیش بەردەوام دەبن بۆ گۆڕینی نەوتی عێراق بۆ بەرهەمی بەبەها و بەنرخ.
سودانی ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ کاراکردنەوەی هێڵى عێراق – سووریا بۆ هەناردەکردنەوەى نەوت گفتوگۆیان کردووە.