هەرێم نیوز
نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ڕۆژی هەینی، لەبارەی قسەوباسەکانی دواخستنی هەڵبژاردنی یاسادانان کە بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی داهاتوو بەڕێوەبچێت، دوا و جەختی کردەوە کە لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.
مالیکی لە گوتارێکدا کە ئاژانسی شەفەق نیوز ئامادەی بوو، وتی: "گوێ لەوانە مەگرن کە دەڵێن هەڵبژاردن دوادەخرێت، ئەگەر دوابخرێت، دیموکراسی و پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا دەکەوێت"، جەختیشی کردەوە کە "هەڵبژاردنی داهاتوو دوا ناخرێت و لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت".
بە وتەی ئەو، "بەشداریکردن لە هەڵبژاردن کارێکی دوولایەنەیە و پەرەپێدانی مافی دیموکراسی و شەرعییەتی دەوڵەتە، هەڵبژاردن وێستگەیەک نییە بۆ پەکخستنی دامودەزگاکانی دەوڵەت، دەبێت دامودەزگاکان لەسەرووی ناکۆکییە سیاسی و حزبییەکانەوە بن".
مالیکی باسی لەوەشكرد، "وڵاتێک کە پابەندی یاسا و دەستور نەبێت، وڵاتێکی پڕ لە پشێوی دەبێت"، و جەختی لەسەر پێویستیی "کرانەوە بەڕوی وڵاتانی دۆست، بەهێزبون لە ناوخۆ و ڕێگریکردن لە دەستتێوەردانی دەرەکی" کردەوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025ی وەک وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو دیاریکرد، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش ڕایگەیاند کە هەڵمەتی بانگەشەی کاندیدەکان لە 8ی تشرینی یەکەمی داهاتوو دەستپێدەکات و تا 24 کاتژمێری کۆتایی پێش دەستپێکردنی دەنگدانی تایبەت بەردەوام دەبێت، نزیکەی 30 ملیۆن عێراقی لە کۆی 46 ملیۆن کەس مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە.