دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

ئۆجەلان: ڕۆژئاوای کوردستان هێڵی سورە

هەرێم نیوز
پەروین  بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و پارتی دیموکراتی گەلان (دەم )پارتی رایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە کۆبوونەوەیەکدا پێی گوتوون، "رۆژئاوا بۆ من هێڵی سوورە و ئەوێ بۆ من جیاوازە." جەختی لەوەش کردەوە، ئۆجەلان جگە لەمە، هیچ هەڵسەنگاندنێکی دیکەی لەبارەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لەگەڵ ئەوان نەکردووە، ئەم بابەتەی لەگەڵ شاندی دەوڵەتدا گفتوگۆ کردووە.

پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالی، سەبارەت بە کۆبونەوەی ئەم دواییەی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رابەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان، راگەیاندووە: ئەمجارە سەرکەوتوو دەبین، ئاشتی دروست دەكەین.

وتیشی: بێگومان جیاوازی بنەڕەتی لە نێوان ئێستاو ساڵی ٢٠١٥ هەیە، دیارترین ئەو جیاوازیانە ئەوەیە: یەکەم، پێموایە پشتگیری و پشتیوانی و بەشداری پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی مەهەپەو گروپی ناسیۆنالیستی بۆ ئەم چارەسەرە، بۆ خۆی جیاوازییەکی جەوهەرییە.

ئەوکات هەموومان دەمانزانی کە هەم دەوڵەت باخچەلی و هەم مەهەپەو گروپی ناسیۆنالیست دژی ئەم پرۆسەیەن و، بۆ تێکدانی، بەردەوام دژایەتیان دەکرد، بەڵام ئەمجارەیان وا نەبوو، دەتوانین بڵێین دەوڵەت باخچەلی دەستپێشخەری کردووە، ئۆجەلان بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە، لە راستیدا دەوڵەت باخچەلی یاریزانێکی گرنگە، کە ئاسانکاری بۆ دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیە کرد.

ئاماژەی بەوەشداوە، کەس ناتوانێت وا لێكی بداتەوە باخچەلی بە تەنیا مامەڵە بکات، بە دڵنیاییەوە لێرەدا عەقڵی دەوڵەت هەیە، عەقڵی دەوڵەت کردەوەکانی رابردوو بەرامبەر هەموو گەلانی ستەملێکراو و بەتایبەت گەلی کورد، بە ناڕەواو نایاسایی دەبینێت، لە تورکیا زۆر شت روویداوە، کورد زۆر زەرەرمەند بووە، ئۆپۆزسیۆنیش زۆر زەرەرمەند بووە.

پەروین بوڵدان، جەختی لەسەر پێویستی کۆبونەوەی لیژنەی پەرلەمانی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کردووەتەوەو وتویەتی: ئێستا، گرنگە لیژنەکە بچێتە ئیمرالی، لەگەڵ لایەنی سەرەکی کێشەکە کۆدەبێتەوە، لە هەردوولا كاراكتەری گرنگ هەیە، ئۆجەلان هەیە، کە پەکەکە بە سەرۆکی دانوستانکاری خۆی ناوی دەبات، بەڵێ، بەڕێز ئۆجەلان وتوێژكاری سەرەکی و لایەنی سەرەکیيە لەم پرسەدا.

لەبارەی دۆخی رۆژئاوای كوردستان و سوریاش، بوڵدان وتویەتی: دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە، ئۆجەلان هیچ هەڵسەنگاندنێکی لەگەڵ ئێمە سەبارەت بە سوریاو رۆژئاوا نەكردووە، ئەو بە پلەی یەکەم لەگەڵ شاندی دەوڵەت باسی ئەم بابەتەی کردووە،

پێیوتون، پێزانینی دەبێت ئەگەر دەرفەتێک بڕەخسێت بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵیان، بەڵێ، چەند جارێک جەختی لەسەر گرنگی پەیوەندیکردن لەگەڵ رۆژئاوا کردووەو رایگەیاندووە، دەیەوێت قسەیان لەگەڵ بکات، گفتوگۆیان لەگەڵ بکات، گفتوگۆ لەسەر ئەو رێگایە بکات کە دەبێ بگیرێتەبەر و، ئەو بڕیارەی دەبێ لەسەر ئەم بابەتە بدرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کە بەرپرسانی دەسەڵات بە ئاکپارتی و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)وە داوا لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکەن چەک دابنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP