دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

نرخی گەشتی عومرە دادەبەزێت

هەرێم نیوز 

بەگوێرەی ئاماری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو زیاتر لە 50 هەزار هاونیشتمانی عومرەیان کردووە. بەرپرسێکی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە دەڵێ، کەمترین تێچووی عومرە نزیکەی 500 دۆلارە.
 
کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ساڵی رابردوو زیاتر لە 50 هەزار هاونیشتمانی بۆ رێوڕەسمەکانی عومرە چوونە سعودیە."
 
کاروان ستوونی وتی، لە کۆتایی هەفتەی رابردووەوە گەشتەکانی عومرە دەستیان پێکردووەتەوە.
 
هەر ئەمڕۆ، رێبوار ئازاد، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان وتی، "لەگەڵ کردنەوەی گەشتەکانی عومرەدا نرخ دابەزی. پێش رێوڕەسمەکانی حەج، گەشتی عومرە لە رێگەی ئاسمانی 950 دۆلار بوو، ئێستا 800 دۆلارە."
 
بە وتەی رێبوار ئازاد، رێگەی وشكانی پێش رێوڕەسمەکانی حەج 500 دۆلار بوو و ئێستا لەنێوان 450 بۆ 475 دۆلارە بە هەموو خزمەتگوزارییەکەوە.
 
رێبوار ئازاد وتی، "ساڵانە ئەوانەی دەچنە عومرە بەهۆی کەمیی نرخەوە زیاتر بە رێگەی وشکانیدا دەچن، بەڵام هێشتا بەشێکی زۆری خەڵکیش رێگەی ئاسمانییان دەوێت."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP