هەرێم نیوز
لیژنەی وەزاریی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، ئەمڕۆ چوارشەممە، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە بەغدا کرد و تێیدا باسیان لە چوار تەوەری سەرەکی کرد کە گرنگترینیان پرسی هەناردەکردنی نەوت و بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو.
کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانانی عێراق بەڕێوەچوو. هەروەها هەریەک لە وەزیرانی خوێندنی باڵا، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، تەندروستی، پیشەسازی و کانزاکان و وەزیری دادی عێراق بەشداربوون.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو دوو رەشنووسەوە کراوە کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشکێشکرابوون. رەشنووسەکان چەند تەوەرێکی گرنگیان لەخۆگرتبوو، لەوانە:
- دۆسیەی هەناردەکردنی نەوت و میکانیزمەکانی رێکخستنەوەی.
- قەبارەی بەکاربردنی ناوخۆیی بەرهەمە نەوتییەکان.
- رادەستکردنی پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە.
- بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا ، لیژنەکە جەختی لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ تەکنیکی و ئیدارییەکان کردووەتەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری "خێرا و دادپەروەرانە و واقیعیانە". هەروەها ئاماژەیان بەوەداوە کە ئامانج لەمە پاراستنی مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، هاوشێوەی هاوکارەکانیان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق و لە چوارچێوەی یەکپارچەیی سیاسەتی دارایی دەوڵەتدا.
لیژنەکە رۆژی سێشەممە، 8-7-2025، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ بەدواداچوونی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پێکهێندرا.