دواین هەواڵ

جیهان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

گرۆسی: ئێرانییەکان لە چەند مانگێکدا دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم دەکەنەوە

هەرێم نیوز

 بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رایدەگەیەنێت، پێدەچێت ئێران بتوانێت لە ماوەی چەند مانگێکدا دەست بە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بکاتەوە، سەرەڕای ئەو زیانانەی كە لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی كەوتوە.

رافائێل گرۆسی،  بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، بە کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکای ڕاگەیاند: بە دڵنیاییەوە بەرنامەی ئەتۆمیی ئیران بۆ دواوە گەڕاوەتەوە بەڵام هێرشەکان نەیانتوانیوە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بە تەواوی لەناو ببەن و کۆتایی بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئەم وڵاتە بهێنن. سەبارەت بە ڕادەی زیانەکانی ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانەش گوتی: ئێمە دەتوانین خەمڵاندنێکمان لەم زیانانە هەبێت بەڵام تەنیا ئێرانییەکان دەتوانن بچنە بنکە ئەتۆمییەکانیان و بە هەڵدانەوەی شوێنە وێرانکراوەکان، ڕادەی زیانەکان دەستنیشان بکەن.

گرۆسی بە ئاماژەکردن بەوەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران زۆر بەرزەفڕانە و بەربڵاو بووە جەختی کردەوە تەنانەت ئەگەر هەموو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیش لەناوچووبن، ئەم وڵاتە زانست و تەکنەلۆژیای پێویستی بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی هەیە.

 سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، سەبارەت بە چارەنووسی زیاتر لە 400 کیلۆگڕام یۆرانیۆمی بە ڕێژەی 60٪ پیتێنراوی ئێرانیش گوتی: ئێمە نازانین ئەم مادەیە چیی بەسەر هاتووە. ڕەنگە لەناوچووبێ و ئەگەری ئەوەش هەیە بەر لە هێرشەکان گوازرابێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە 13ی)، ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی بۆ سەر دامەزراوە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران دەستپێکرد بە ئامانجی ڕێگریکردن لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە، سەرەڕای ئەوەی ئێران چەندینجار ئەو ویستە ئەتۆمییەی ڕەتکردوەتەوە.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، کە زیانەکانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی دوای 12 ڕۆژ لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل "بەرچاو" بوە، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوپاتیکردەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران "دەیان ساڵ" دواکەوتوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP