هەرێم نیوز
نووسینگەی داواکاری گشتیی بۆ نەهێشتنی گەندەڵی لە ئیسپانیا، خوان لاپۆرتا و دوو راهێنەری پێشووی یانەی بارسێلۆنای بۆ قسەکردن لەبارەی دۆسێی نێگرێرا، بانگهێشتکردووە.
میدیاكانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، داواکاری گشتی بانگهێشتی بۆ کەسایەتییەکانی یانەی بارسێلۆنا ناردووە، پاشئەوەی بڕیاریدا، جارێکی دیکە تێهەڵچوونەوە بەدۆسێی نێگرێرادا بکات.
جگە لە خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، هەریەکە لە لویس ئینریکێ و ئێرنێسیۆ ڤاڵڤێردی بۆ هەمان مەبەست، بانگهێشتی بەردەم داواکاری گشتیی کراون.
هەنگاوەکەی داواکاری گشتیی، پاش بڕیارێکی دادگای بارسێلۆنا دێت کەبەرلە 10 رۆژ تێیدا، داواکاریی بۆ سڕکردنی لێکۆڵینەوەکان رەتکردەوە کە هەریەکە لە ئالبێرت سۆلێر، جۆزیپ ماریا بارتۆمیۆ، ساندرۆ روسێل، ئۆسکار گراو و گزاڤێ ئیسترادا فێرناندێزی ناوبژیوانی پێشوو، داوای سڕکردنی لێکۆڵینەوەکانیان کردبوو.
دۆسێی نێگرێرا، کە ساڵی 2023 سەریهەڵدا، بەرپرسانی یانەی بارسێلۆنای تێدا تۆمەتبارکراوە، بەپارەدانی نایاسایی بەکۆمپانیاکانی خۆسێ نێگرێرای جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا، لە بەرامبەر پێدانی راپۆرت لەبارەی سیستمی ناوبژیوانیی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یارییەکانی لالیگا لەلایەن ناوبژیوانانەوە، بەیانەی بارسێلۆنا.
بەرپرسانی یانەی بارسێلۆنا، تێوەگلان لە گەندەڵی و کاریگەریی دروستکردن، لەسەر بڕیارەکانی ناوبژیوانانی لالیگا بەهۆی ئەو دۆسێیەوە رەتدەکەنەوە و دووپاتیدەکەنەوە کارەکەیان بەپێی یاسا کردووە.
بەپێی ئەوەی سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە، دادگا دەیەوێت روونکردنەوەی تەواو بەدەست بهێنێت، لەبارەی ئەو پارەیەی یانە کەتەلۆنییەکە داویەتی بەکۆمپانیاکانی نێگرێرا، هەروەها دەیەوێت بزانێت ئایا راهێنەرانی یانەکە لەوکاتەدا، راپۆرتەکانی نیگرێرایان لەبارەی ناوبژیوانانەوە بەدەستگەیشتووە یان نا. هەروەها دڵنیابێتەوە لەوەی ئایا راپۆرتەکان کاریگەریی لەسەر ئەنجامی یارییەکان دروستکردووە یان نا؟
سەرچاوەکان روونیان نەکردووەتەوە وادەی چوونی ئەو سێ کەسایەتییە بۆ بەردەم داواکاری گشتیی کەیە و چۆن دەبێت. بەڵام پێشبینیدەکرێت ئەم هەنگاوە نوێیەی داواکاری گشتیی وڵاتەکە، لێکۆڵینەوەی زیاتر لەبارەی دۆسێیەکە بهێنێتە ئاراوە.