هەرێم نیوز
سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمریکا لەگەڵ چین گەیشتووەتە ڕێککەوتنێکی بازرگانی نوێ و بەپێی ئەو ڕێککەوتنە موگناتیس و کانزای زەوی دەگمەن لەو وڵاتە هاوردە دەکات، هەروەها باجێکی 55% لەسەر هاوردەکردنی کاڵای چینی دەسپێنرێت.
دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، ئەمریکا لە بەرامبەردا ڕێگە بە خوێندکارە چینییەکان دەدات لە کۆلێژ و زانکۆکانی ئەمریکا بخوێنن.
لە لایەکی دیکەوە باجی چین لەسەر کاڵا ئەمریکییەکان لەسەدا 10 دەبێت.
ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی تروز سۆشیال نووسیویەتی:" ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ چین تەواو بووە، بە مەرجی ڕەزامەندی کۆتایی لەلایەن سەرۆک شی و خۆمەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد:" چین هەموو موگناتیسی پێویست و کانزاکانی زەوی دەگمەن دابین دەکات، هەروەها ئەوەی لەگەڵ چین ڕێککەوتووین جێبەجێی دەکەین، لەوانە ڕێگەدان بە خوێندکاری چینی بۆ خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکانمان (کە من هەمیشە ڕازی بووم!)".
سەرۆکی ئەمریکا وتی:" ئێمە بە گشتی 55% باج وەردەگرین، چینیش 10% وەردەگرێت، پەیوەندییەکە زۆرباشە!"