دواین هەواڵ

وەرزش‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

بارسێلۆنا سکاڵای یاسایی لە دژی ناوبژیوانی کلاسیکۆ تۆمار دەکات

هەرێم نیوز 

بارسێلۆنا بڕیاریداوە چیدی قبوڵ نەکات ناوبژیوانان ستەمی لێبکەن و یاریزانانی داوادەکەن یانەکەیان رێوشوێنی یاسایی لەدژی ناوبژیوانی ئیلکلاسیکۆ بگرێتەبەر. یانە کەتەلۆنییەکە وەڵامێکی سەرسوڕهێنەریشی بۆ ئەو گرتە ڤیدیۆیە هەیە کە بە "ڤیدیۆ ئابڕووبەرەکە" ناوبراوە.
 
سەرەڕای بردنەوەی بەئەنجامی 4-3 لە یانەی ریال مەدرید و نزیکبوونەوە لە بردنەوەی نازناوی لالیگا، کارگێڕیی بارسێلۆنا هێرشێکی تووندیان کردە سەر ناوبژیوان هێرناندێز هێرناندێز و بەوە تۆمەتباریان کرد کە بڕیارە سەیرەکانی کاریگەرییان لەسەر رێڕەوی یارییەکە هەبووە.
 
ئەوەی وایکردووە بارسێلۆنا تووڕە بێت ئەوەیە کە هەموو بارسا، بە کارگێڕیی، راهێنەر و یاریزانانەوە بڕوای ئەوەیان بۆ دروستبووە کە ناوبژیوانی بووەتە ئامرازێکی گوشار و بەکاردەهێنرێت بۆ سوودگەیاندن بە ریال مەدریدی رکابەرە تەقلیدییەکەیان.
 
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردەوە، لەنێو بارسیلۆنادا کەس رووداوەکەی مۆنتجویک تەنیا وەک "هەڵەی ناوبژیوان" سەیر ناکات، بەڵکو بەرپرسان پێیانوایە ئەوەی دەگوزەرێت پلانێکی داڕێژراوە لەدژی یانەکەیان و یاریزانان دوای گەڕانەوە بۆ ژووری جلگۆڕین شۆک بوونە کاتێک سەیری دیمەنەکان و بڕیارەکانی ناوبژیوانەکەیان کردووەتەوە.
 
کارگێڕیی یانەکە ئەو لێدانە سزایەی کە بە کیلیان ئێمباپێ دراوە بەجێی گومان دەزانێت، هەروەها شۆک بوونە کاتێک ئەو تۆپەی بە روونی بەر دەستی چوامینی دەکەوێت ناکرێتە لێدانی سزا سەرەڕای گەڕانەوەی ناوبژیوانەکە بۆ ڤار.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بارسێلۆنا ئەوەی روویداوە بە "سکانداڵێکی ناوبژیوانی" دەزانێت.
 
شۆک لە ژووری جلگۆڕین
 
لە ژووری جلگۆڕین یاریزانەکان دوای پێداچوونەوە بە گرتە دراماتیکییەکانی مۆبایلەکانیان تووشی شۆک بوونە. 
 
بەگوێرەی رۆژنامەکە، یەکێکیان گوتوویەتی لە ساتەوەختی راگەیاندنی ناوی ناوبژیوانەکەوە پێشبینی هەموو ئەمانەیان کردووە، بەڵام واقیعەکە لە چاوەڕوانییەکانیان تێپەڕیوە.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆدەنگییەک هەیە لەسەر ئەوەی بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا قبوڵکراو نییە، هەروەها داواکراوە رێوشوێن بەرامبەر ناوبژیوانانی لالیگا و بەتایبەتیش ناوبژیوانی کلاسیکۆ بگرنەبەر.
 
ڤیدیۆی سکانداڵەکە
 
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی سوپرایزێکی گەورەی ئاشکراکرد کاتێک رایگەیاند کە ناوبژیوان دوای ئەوەی گۆڵی پێنجەمی بارسێلۆنا، کە لەلایەن فێرمین لۆپێزەوە تۆمارکرا رەتکردەوە، بەشێوەیەکی بیستراو لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ڤار گوتوویەتی "سوپاس بۆ خوا".
 
ئەم لێدوانە تووڕەیی بارسیلۆنای لێکەوتووەتەوە، هەروەها پێیانوایە دەتوانن وەک بەڵگەیەک بۆ لایەنگریی، یان ستەم کردن لە بارسێلۆنا بەکاربێنن.
 
بەڵام بەگوێرەی رۆژنامەی مارکا، لیژنەی ناوبژیوانان ئەو دەستەواژەیەی بە گرنگ نەزانیوە و بەوە لێکیداوەتەوە کە ناوبژیوانەکە بەو دەستەواژەیە ئاسوودەیی خۆی بۆ ناوبژیوانی ڤار نیشانداوە کە لەو حاڵەتەدا یارمەتیداوە نەک زیاتر.
 
بارسیلۆنا ئەم لێکدانەوەیە رەتدەکاتەوە و پێیوایە نابێت تۆمارە دەنگی و ڤیدیۆییەکان بێ وەڵام بمێننەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP