هەرێم نیوز
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، ڕایگەیاند پێشوازی لە بەیاننامەی ڕاگەیاندنی چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەکەین، جەختیشی لەوە کردەوە :" ئێمە ئەمە بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانین بەرەو ڕەتکردنەوەی توندوتیژی و بەهێزکردنی ئاسایش، و هیوادارین تەواوبوونی ئەم پرۆسەیە ببێتە هۆی بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و ئاشتی لە تورکیا و ناوچەکە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی 5ی 2025، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەبارەی بڕیاری پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و دانانی چەک رایگەیاند، ئێران پێشوازی لە بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەکات.
وتیشی، "ئێمە ڕاگەیەندراوی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانین بۆ رەتکردنەوەی تووندوتیژی و پتەوکردنی ئاسایش."
بەقایی هەروەها دەڵێت: "هیوادارین تەواوبوونی ئەم پرۆسەیە ببێتە هۆی بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و ئاشتی لە تورکیا و ناوچەکەدا."
ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، 12ـی 5ی 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی ئاشکرا کرد، کە لە 5-7ـی ئەم مانگە بەڕێوەچوو. پەکەکە رایگەیاند، لە کۆنگرەکەدا بڕیاری خۆهەڵوشاندنەوە و دەستبەردابوونیان لە خەباتی چەکداری داوە.