هەرێم نیوز
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە هەوڵەکانی بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ئەمریکا، دروستکردنی تاوەری ترەمپ لە دیمەشق، کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و دەستڕاگەیشتن بە نەوت و غازی سوریا لەلایەن ئەمریکاوە، بەشێکە لە هەوڵێکی ستراتیژیی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا بۆ دیداری ڕاستەوخۆ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە میانی گەشتەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بڕیارە دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی سێشەممە لە ڕیاز لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆببێتەوە، کە بە میوانداری محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە دەبێت و هاوکات دەبێت لەگەڵ دەستپێکردنی گەشتەکەی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شەرع پێشنیاری دروستکردنی "تاوەری ترەمپ" لە دیمەشق و وەبەرهێنانی دیکەی بۆ ترەمپ کردووە، هەروەها داوای هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکای کردووە.
ڕۆیتەرز دەڵێت واشنتۆن هێشتا نەیتوانیوە سیاسەتێکی یەکگرتوو بەرامبەر سوریا دابڕێژێت و بیخاتەڕوو، بەڵام ئیدارەی ترەمپ زیاتر لە ڕوانگەی ڕووبەڕووزوونەوەی تیرۆرەوە سەیری پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق دەکات.