هەرێم نیوز
تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لە گرژیی و ئاڵۆزیی لەنێوان هاندەرانی یانەی وەرزشی نەورۆز و زاخۆ دروست بوو و بەو هۆیەوە 62 هاوڵاتی برینداربون كە 25 برینداریان لەشوێنی ڕوداوەكە لەیاریگای نەورۆز و 27 بریندار بە ئەمبوڵانس گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی شار و لە ئێستادا تەنیا یەك بریندار لە نەخۆشخانە ماوەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، شەوی ڕابردو لەكاتی بەڕێوەچونی یاری نێوان یانەی وەرزشی نەورۆز و یانەی وەرزشی زاخۆ لەیاریگای نەورۆز لەشاری سلێمانی، گرژیی و ئاڵۆزیی لەنێوان هاندەرانی هەردولا دروست بو و بەو هۆیەوە 62 هاوڵاتی برینداربون.
ئاماژە بەوەشدراوە، لەلایەن تیمەكانی فریاكەوتنی خێرا چارەسەری پێویست بۆ 25 بریندار كرا لەشوێنی ڕوداوەكە لەیاریگای نەورۆز و 27 بریندار بە ئەمبوڵانس گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی شار و 10 برینداریش لەلایەن كەسوكاریان هێنران بۆ نەخۆشخانە.
لە راگەیاندراوەکەشدا هاتوە، دوای ئەو ڕوداوە، لەسەر فەرمانی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سەرجەم بەشەكانی فریاكەوتن خرانە حاڵەتی ئامادەیی بۆ پیشوازیكردن لەبرینداران و چارەسەركردنیان، چارەسەری پێویست بۆ سەرجەم بریندارەكان كرا و نەشتەرگەری بۆ بریندارێكیش ئەنجام درا.
راشگەیاندراوە، سەرجەم بریندارەكانی یاریگای نەورۆز گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەوە و تەنیا یەك بریندار نەبێت لەنەخۆشخانە ماوەتەوە كە نەشتەرگەری بۆ كراوە و دۆخی تەندروستی جێگیرە.