هەرێم نیوز
دوای چوار ساڵ لە دانان و دواتر هەڵبژاردنی لە كۆنگرەدا، حەسەن تۆران دەست لە پۆستی سەرۆكی بەرەی توركمانی كێشایەوە.
حەسەن توران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە، "ئەمڕۆ 13ی 4ی 2025، دەستلەکارکێشانەوەی خۆم لە سەرۆکایەتیی بەرەی تورکمانی عێراقی پێشکەش کرد، هیوای ئەوەم دهخوازم هەرکەسێک دوای من ئەم ئەرکە بگرێتە ئەستۆ، سەرکەوتن و سەرفرازی بەردەوامی هەبێت، منیش لایەنگر و پشتیوانی ئەو دەبم".
ئاماژهی بهوهشكردوه، "بەڵێن بە هەمو گەلی تورکمانمان دەدەم کە وەک سەربازێک بمێنمەوە کە بەرگری لە دۆزی تورکمان له عێراق دەکەم، پەرۆشی یەکگرتویی وڵاتەکەمانم و پابەندم بە پرەنسیپەکانی بەرەی تورکمانی عێراقییەوە".
سەرچاوەكان لەناو بەرەی توركمانی عێراقەوە باسلەوە دەكەن، بۆ ئەم گۆڕانكارییە، بڕیارە وەفدێكی بەرەی توركمانی سەردانی ئەنكەرەی پایتەختی توركیا بكات.
وەكو باس دەكرێت، بەدەستلەكاركێشانەوەی (حەسەن تۆران)، ركابەرەكەی لەناو بەرەكە (ئەرشەد ساڵحی) دەبێت بە سەرۆكی لیستی بەرەكە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق. كێبركێ لەسەر پۆستی سەرۆكی بەرەی توركمانی لەنێوان (محەمەد سەمعان)و چەند ئەندامێكی تری بەرەكەدا دەبێت.
بەرەی توركمانی لەئازاری 2021داو بە ئاگاداری توركیا، ئەرشەد ساڵحی لە پۆستی سەرۆكی بەرەكە دورخستەوەو لە شوێنی ئەو (حەسەن تۆران)ی دانا، بەڵام ساڵێك دواترو لە 23ی ئایاری 2022دا دووەمین كۆنگرەی خۆی لە كەركوك بەست و؛ بەفەرمی حەسەن تۆران بە سەرۆكی بەرە هەڵبژێردراو پەیڕەوی ناوخۆ هەمواركرایەوە.
لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا ململانێیەكی سارد لەنێوان ئەرشەد ساڵحی و حەسەن تۆراندا دەبینرا، بەمدواییە ململانێكە پەرەسەندێكی بەرچاوی بەخۆوە بینی، ئەوەش كاتێك بوو كە یەكێك لە ئەندامەكانی بەرەی توركمانی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بڕیاری حەسەن تۆرانی سەرۆكی بەرەكەی شكاندو كۆتایی بە بایكۆت هێناو گەڕایەوە بۆ ناو كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەو ئەندامە (ئەحمەد رەمزی كۆپرلو)ە كە لەناو بەرەكەدا لە تەكەتولی ئەرشەد ساڵحییە (بەرەی توركمانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا دان لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوكدا نانێن كە لەنێوان یەكێتیی و نیوەی عەرەبی سوننەدا دروستكراوە، بەوهۆیەوە بایكۆتی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی پارێزگایان كردووە).
بەرەی توركمانی لەدواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا لە كەركوك، لە كۆی (16) كورسی ئەنجومەن، تەنیا (2) كورسی بەدەستهێناو تاكە نوێنەری پێكهاتەی توركمان بوو لە ئەنجومەندا، ئەو دوو كەسەی بەرەی توركمانی كە سەركەوتن بۆ ئەنجومەن یەكێكیان سەربە حەسەن تۆرانەو ژنێكە بەناوی(سۆسەن عەبدولواحید جەدوع)، ئەوی تر (ئەحمەد رەمزی كۆپرلو)ە كە سەربە ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی پێشووی بەرەی توركمانییە.