دواین هەواڵ

کوردستان‌

 17/02/2025

“فەرمانی لەفە و مام لەتیف” دەستگیرکران

هەرێم نیوز
دەزگاى ئاسایشى هەرێم رایگەیاند، هەشت کەسیان بە تۆمەتى خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەستگیرکرد.

 بەگوێرەى زانیارییەکان، دووان لەو تۆمەتبارانەى دەستگیرکراون، فەرمانى لەفە و مام لەتیفن، کە لەچەند رۆژى رابردوودا لە لایڤێکى تیکتۆکدا سوکایەتییان بە یەکترى دەکرد و ڤیدیۆکەیان بەشێوەیەکى بەرفراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێم:

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی بڵاوکراوە نەشیاوەکان، بەبڕیاری بەڕێز داواکاری گشتی ( ٨ )تۆمەتباری خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی دەستگیرکرد، تۆمەتباران لەڕێگەی گرتە ڤیدیۆیی و لایڤەکانیان بابەتی نەشیاویان بڵاوکردوەتەوە و کاریگەری نەرێنییان لەسەر تاک و خێزانەکان هەبووە.

لەسەر داوای هاوڵاتییان بۆ زیاتر پاراستنی بەها کۆمەڵاتییەکان، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، دوای بەدواداچوون و دەستنیشانکردنی شوێن و ناسنامەی ئەو تۆمەتبارانەی کە لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەگرتە ڤیدیۆیی و لایڤەکانیاندا ڕەفتاری دوور لە نەریت و ڕەوشتی کۆمەڵایەتییان بڵاودەکردەوە دەستگیرکران و ڕووبەڕوی یاسا کرانەوە.

لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی بڵاوکراوە نەشیاوەکان، دەزگای ئاسایشی هەرێم بەپێی یاسا و بەبڕیاری دادوەر ڕووبەڕوی خراپ بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبێتەوە و لەپێناو تێکنەدانی شیرازەی کۆمەڵگا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP