هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمەریکا دەڵێت، هیوادارە قەیرانی ئەتۆمی ئێران، بەبێ ئەوەی ئیسرائیل ناچار بێت هێرش بکاتە سەر ئێران، چارەسەر بکرێت. ترامپ دوای واژۆکردنی زنجیرەیەک فەرمانی جێبەجێکردن، ئەم قسانەی لە کۆشکی سپی بۆ ڕۆژنامەنووسانی کرد.
پەیامنێران پرسیاریان لێکرد کە ئایا پاڵپشتی لە هێرشێکی لەو شێوەیە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش وتی: "وەڵامی ئەو پرسیارە نادەمەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد، بەم زووانە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەت ئەو بابەتە تاوتوێ دەکات.
ترمپ ئاماژەی بەوەشکرد: هیوادارم ئەم پرسە بەبێ نیگەرانی چارەسەر بکرێت. بەڕاستی زۆر باشە ئەگەر بتوانرێت چارەسەر بکرێت بەبێ ئەوەی ئەو هەنگاوە زیادەیە بنرێت.
هەندێک لە ئیسرائیل لەو باوەڕەبوون کە بە گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ دەسەڵات، کۆشکی سپی پشتیوانی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات یان ڕەنگە تەنانەت هەنگاوی سەربازیش لە دژی ئێران خۆی بگرێتەبەر.
دۆناڵد ترەمپ پێشتر ڕەخنەی لە جۆ بایدن گرتبوو کە داوای لە ئیسرائیل کردبوو هێرش نەکاتە سەر نەوت یان دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە کاردانەوە بە هێرشی مووشەکی بالیستیکی ساڵی ڕابردوو.
ترامپ هۆشداریدا لەوەی کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران پێشبڕکێی ئەتۆمی چڕتر دەکاتەوە: "ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی دەست بکەوێت، وڵاتانی دیکەش دەیانەوێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت و هەموو دۆخەکەش دەگۆڕێت بۆ کارەسات".
ئامادەیی ئێران بۆ دەستپێکردنی خولێکی نوێی دانوستانە ئەتۆمییەکان
ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، دیپلۆماتکارانی کۆماری ئیسلامی، لە دیدارێکدا لەگەڵ دیپلۆماتکارە باڵاکانی ئەورووپا لە ژنێڤ، بە ڕوونی ئەوەیان خستۆتە ڕوو کە دەیانەوێت دانوستانەکان بۆ ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی دەستپێبکەن کە جیاوازە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی پێشوویان.
بەگوێرەی ئەکسیۆس، ئێرانییەکان داوایان لە دیپلۆماتکارە ئەوروپییەکان کردووە ئەم پەیامە بە واشنتۆن بگەیەنن و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە چاوەڕوانی پلانێک یان پێشنیارێکی نوێن لەلایەن ئەمریکاوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، کۆبوونەوەکە 10 ڕۆژ لەمەوبەر لە جنێڤ بە ئامادەبوونی نوێنەرانی باڵای فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، و یەکێتی ئەوروپا بەڕێوەچووە.
ترامپ لە ماوەی پێشووی لە کۆشکی سپی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ تا ٢٠٢١ سیاسەتی زۆرترین گوشاری لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران پەیڕەو کرد و لە ڕێککەوتنی بەرنامەی ئەتۆمی حکومەتی ئێران کشایەوە. ئەم سیاسەتە بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی هەناردەی نەوتی ئێران و کاریگەریی زۆری لەسەر ئابووری ئێران دانا.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی ئێن بی سی ئەمریکی، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند کە تاران ئامادەیە بۆ "دانوستاندنێکی شەرەفمەندانە و یەکسان".
دانوستانی ترەمپ و خامنەیی چۆن و کەی؟
مارک دوبۆڤیتز، بەڕێوەبەری دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسیەکان و ڕۆیل مارک گێرشت، ئەفسەری پێشووی سی ئای ئەی بۆ کاروباری ئێران، لە وتارێکی هاوبەشدا لە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵدا، بەدواداچوونیان بۆ سیاسەتە ئەگەرییەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران کرد.
ئەوان لە وەڵامی پرسیارێکی گرنگ: ئایا خامنەیی ئامادە دەبێت دانوستان لەگەڵ ترەمپ بکات؟ دەڵێن:
پرسیارێک کە ئایا عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادە دەبێت دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ قبوڵ بکات، پرسێکی ئاڵۆز و فرە توێژە. بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دادی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپیان داوە.
بەڵام بارودۆخی هەستیاری ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دابەزینی خێرای ئابووری ئێران، داڕمانی دراوی وڵات و کەمیی وزە و گاز، لەگەڵ نیگەرانییەکانی زۆرێک لە لایەنگرانیان سەبارەت بە توانای ڕژێم بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا، ڕەنگە خامنەیی بەرەو سازان لە بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەی پاڵ بنێت. لە هەر حاڵەتێکدا ئێران ئێستا بووەتە "دەوڵەتێک کە لە لێواری گەیشتنە بە ئەتۆم".
ئەگەر دیپلۆماسیەت شکستی هێنا، ئەگەری هەنگاوی سەربازیی ئیسرائیل لە دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران زیاتر دەبێت. ترەمپ پێشتر پاڵپشتی خۆی بۆ ئیسرائیل دەربڕی کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکاتە ئامانج، بەڵام دیار نییە کە ئایا لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا ئەم بۆچوونە دەپارێزێت یان نا.
پشتگیری لەم جۆرە هەنگاوە ڕەنگە بریتی بێت لە دابینکردنی چەکی پێشکەوتووی وەک بۆمبی ٣٠ هەزار پاوند لە جۆری Massive Ordnance Penetrator کە توانای لەناوبردنی دامەزراوە قەڵادارەکانی وەک دامەزراوەی پیتاندنی فۆردۆی هەیە.
بەرنامەیەکی لەو شێوەیە پێویستی بە مەشق و ڕاهێنانی بەرفراوانی هێزەکانی ئیسرائیل دەبێت و بێ گومان مشتومڕێکی زۆری لەسەر دەبێت. نەبوونی ئەم پاڵپشتیە توانای ئیسرائیل لە سەرکەوتنی هێرشەکە سنووردار دەکات و گرنگی ڕۆڵی ئەمریکاش دەردەخات.